رۆژی 25 یئایاری2021 تازەکراوەتەوە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رۆژی ١١ی ئازار سەرهەڵدانی کۆڤید-١٩ (نەخۆشی کۆرۆناڤایرۆس)ی بە پاندێمیک (نەخۆشییەکی بەربڵاو بە تەواوی جیهاندا) هەژمارکرد ژمارەی حاڵەتی تۆمارکراوی نوێ لە جیهاندا. گۆڕانکاری بەرسەر بارودۆخی جیهاندا هاتووە، هەندێک وڵات ڕێوشوێنەکانیان تونترکردۆتەوە و هەندێک وڵاتیش کەمیان کردۆتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە جۆرێکی نوێی ڤایریۆسی کۆڤید-١٩ دۆزراوەتەوە و بڵاو دەبێتەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکانی هەواڵ.
رۆژنامەنووسان لە سەراپای جیهان رۆڵێکی گرنگ لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لەبارەی ڤایرۆسەکەو هەوڵەکانی حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەگێڕن. ئەمەش سەرەڕای هەوڵی دەسەڵات لە چەندین وڵات بۆ سەرکوتکردنی کاری رۆژنامەنوسی سەربەخۆ و دەستکەوتنی زانیاری، وەکو (سی، پی، جەی) دۆکیومێنتی کردووە. میدیاکاران لە ژێر فشارێکی زۆردان و دەکرێت بەهۆی گەشتکردن، ئەنجامدانی هەڤپەیڤین، و ئەو شوێنانەی کاری تێدادەکەن توشی نەخۆشییەکە ببن، ئەمەش بەگوێرەی ئەو دیدارانەی (سی،پی،جەی) لەگەڵ رۆژنامەنووسان ئەنجامیداوە. بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، وەکو (سی،پی،جەی) دیکۆمێنتی کردووە، رۆژنامەنووسان رووبەڕووی گیران، لێدانی جەستەی و هەراسانکردن لەسەر ئینتەرنێت و لەدەستدانی سەرچاوەی ژیانیان بوونەتەوە، وەکو سی پی جەی لە دواین راپۆرتدا ئاماژەی پێداوە.
بۆ هەبوونی دواین زانیاری لەسەر رێنماییەکان، رۆژنامەنووسان پێویستە چاودێری زانیارییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و لقە لۆکاڵییەکانی بکەن.بۆ دواین زانیاری لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، سەنتەری زانیارییەکانی کۆرۆناڤایرۆس لە نەخۆشخانەی زانکۆی جۆنس هۆپکینز سەرچاوەیەکی سەلامەت و باوەڕپێکراوە.
خۆپاراستن لە گۆڕەپان
سنوور خراونەتە سەر گەشتکردن لە جیهان و ڕێوشوێنی سەلامەتی بەردەوام لە گۆڕاندان. ئەمەش ئەو ئامانایە دەگەیەنێت کە ئەرکەکان دەکرێت، بێ ئاگادارکردنەوە هەڵبوەشێنرێنەوە.
ئەو کارمەندانەی ڕاگەیاندن کە ڤاکسینیان وەرگرتووە دەبێت تێبینی ئەوە بکەن ڕەنگە هێشتا توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەکەیان هەبێت، بەپێی ناوەندی ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵ و خۆپاراستن لە نەخۆشی ( CDC ). هەروەها ڤاکسینی جیاواز ئاستی پاراستنی جیاوازی دژی جۆرەکانی ڤایرۆسەکە هەیە، بە گوێرەی بەشی پزیشکی زانکۆی یەڵ. پێویستە پێوانەکانی سەلامەتی پەیوەست بە COVID- 19 وەک دوورکەوتنەوەی جەستەیی و لەبەرکردنی ماسکی دەموچاو، بەردەوام جێبەجێ بکەیت.
ئەو رۆژنامەنووسانەی کە پلانیان هەیە رووماڵی ڤایرۆسی گشتگیری COVID-19 بکەن دەبێت ئەم زانیاریانە بۆ سەلامەتی خۆیان لەبەرچاوبگرن:
پێش جێبەجێکردنی ئەرک:
• ئەگەر بەردەست بێت، وەرگرتنی ڤاکسینی COVID-19 لە پێش ئەنجامدانی کار ئەگەر سەلامەت بێت بۆت، بە تایبەتی ئەگەر لە ناوچەیەک دا کار بکەیت کە ڕێژەی توشبوون تیایدا بەرزە.
• بەپێی ئەوەی ڕێژەی توشبوون چەندە لەو شوێنەی کاری لێدەکەیت یاخود بۆی دەچیت، پێویستە چاوپێکەوتنی تەلەفۆن یان ئۆنلاین بکرێت لەجیاتی رووبەڕوو، بۆ کەمکردنەوەی مەترسی گواستنەوە یاخود توشبوون بە نەخۆشییەکە.
• بەگوێرەی سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان، کەسانی بەساڵاچوو و ئەوانەی کە بارودۆخی تەندروستی تایبەتیان هەیە، وەکو شەکرە و قەڵەویی، لە ژێر گەورەترین مەترسیدان. ئەگەر تۆ یەکێکیت لە ئەندامانی ئەم گروپە و بەگوێرەی رێژەی تووشبووان، ئەوا پێویستە خۆت لە ئەنجامدانی هەرجۆرە ئەرکێک بەدووربگریت کە پێویست دەکات تێکەڵاوی خەڵک بکەیت. فەرمانبەرانی دوو گیانیش دەبێت رەچاوبکرێن.
• لەکاتی دیاریکردنی ستاف بۆ ئەنجامدانی راپۆرت لەسەر ڤایرۆسی گشتگیری کۆڤید-١٩، بەرێوبەران دەبێت رەچاوی ئەگەری هێرشی رەگەزپەرستانەبن دژی هەندێک نەتەوەی دیاریکراو، وەکو لەم راپۆرتەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا دا باسدەکرێت.
• سنوورداری گەشتی جیهانی و ڕێوشوێنەکان دەتوانن بە ئاگادارکردنەوەیەکی کەم یان بێ ئاگادارکردنەوە بگۆڕێن.
• بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی دەکرێت ناچاربیت خۆت جیابکەیتەوە و لە شوێنێکدا بۆ ماوەیەکی درێژ گیربخۆیت بەهۆی کەرەنتینەوە.
ساخڵەمی دەروونی:
• تەنانەت بەئەزموونترین رۆژنامەنووسەکانیش دەکرێت گرفتی دەروونیان بۆ دروستببێت کاتێک راپۆرت لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن، بەپێی پەیمانگای رۆیتەرز لە زانکۆی ئۆکسفۆرد. بەڕێوبەران دەبێت بەردەوام لە باری تەندروستی رۆژنامەنووسانیان بپرسنەوە و هەرکاتێک یاخود ئەگەر پێویست بوو ئامۆژگاری و هاوکاریان پێبدەن.
• بیر لە ئەگەری کاریگەری دەروونی راپۆرتکردن لەو ناوچەیە بکەرەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدابڵاوبۆتەوە، بەتایبەتی ئەگەر رووماڵی بنکەیەکی تەندروستی یاخود ناوچەیەکی داخراو بکەیت.
سەرچاوەیەکی بەسوود بۆ کارمەندانی راگەیاندن کاتێک رووماڵی بارودۆخی تۆقێنەر دەکەن دەکرێت لێرە لە سەنتەری دارت بۆ رۆژنامەگەری و ترۆما دەستبکەوێت. سەنتەری لاپەڕەی حاڵەتی ناکاوی CPJ بکە بۆسەرچاوەی زیاتر لەسەر سەلامەتیت بەتایبەتی باشترین مەشقە مێشکییەکان بۆ ئەو رۆژنامەنووسانەی رووماڵی کۆڤید-١٩ دەکەن.
خۆ دوورخستنەوە لە نەخۆشکەوتن و توشکردنی خەڵکی دیکە
زۆربەی وڵاتان هێشتا بەردەوامن لە پیادەکردنی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و جەستەیی، بەپێی ئەو ماوەیەی دیاریکراوە کە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆرێت. ئەگەر راپۆرت لەسەر بنکەکانی حاڵەتی ناکاو دەکەیەت و یاخود سەردانی یەکێک لەم شوێنانە دەکەیت ئاستی مەترسی توشبوونیان تێدا بەرزترە، وەکو هەر یەک لەمانەی خوارەوە، لە ڕێوشوێنی پاکوخاوێنی لەو ناوچەیە گیراوتەبەر بپرسە. ئەگەر هەر گومانێکت لادروست بوو، سەردانی شوێنەکە مەکە.
• هەر جۆرە بنکەیەکی تەندروستی.
• خانووی چاودێری بەساڵاچووان.
• ماڵی هەر کەسێکی نەخۆش، بەساڵاچوو، دووگیان یاخود کەسێکی گرفتی تەندروستی هەیە.
• هەر شوێنی کارێک کە مەترسی گواستنەوە بە بەرزی دادەنرێن (وەکو ئەوەی کارگەی پرۆسێسکردنی گۆشت)
• شوێنی هەڵگرتنی لاشەی مردووان، شوێنی شۆردنی مردوو، شوێنی سوتاندنی لاشەی مردوو، یاخود پرسە.
• شوێنی کەرەنتین، جیاکردنەوە، یاخود شوێنێکی داخراو.
• هەر ناوچەیەکی قەرەباڵخی شار (وەکو گەڕەکی قەرەباڵغ).
• کامپی پەناهەندەکان، بەندینخانە یاخود گرتووخانەیەک کە حاڵەتی تووشبوی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدابێت.
پێشنیازە باوەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە ئەمانە لە خۆدەگرن:
• خۆدوورگرتنی جەستەی بەوجۆرەی پێشنیارکراوە پیادەبکە، ئەمەش دەکرێت لە حکومەتێکەوە بۆ حکومەتێکی دیکە بگۆڕێت. دەبێت وریابیت لە دەروبەری ئەوانەی نیشانەی نەخۆشییەکانی هەناسەی، وەکو کۆخین و پژمین، پێوەدیارە، هەروەها کاتێک دیدار لەگەڵ کەسێکی بەساڵاچوو ئەنجامدەدەیت، ئەوانەی نەخۆشی دیکەیان هەیە، هەرکەسێکی نزیک لەکەسێک کە نیشانەی نەخۆشی هەیە، ئەو کارمەندانەی تەندروستی کە چارەسەری نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن، یاخود ئەو کرێکارانەی لەو ناوچانە کاردەکەن کە مەترسی توشبوون تیایاندا بەرزە.
• خۆت دوورگرە لە تۆقەکردن، ماچ و باوەش لەگەڵ خەڵک.
• هەوڵبدە لە تەنیشتەوە موقابەلەی کەسێک بکەیت نەک رووبەڕوو، هەمیشە تا ڕادەیەکی سەلامەت خۆت بەدووربگرە.
• زوو زوو دەستت بە ئاوی گەرم و سابوون بشۆ بەشێوەیەکی دروست و بە باشی بۆ ماوەی لانیکەم ٢٠ چرکە بشۆ. دەستت بەشێوەیەکی گونجاو وشکبکەرەوە. ڕێنوێنی زۆر بە سوود لەسەر چۆنیەتی دەست شوردن و وشککردنەو لەم لینکە لە سایتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکرێت دەستبخەیت.
• هەمیشە دەمت لوتت داپۆشە کاتێک دەکۆخیت و دەپژمیت. ئەگەر کۆخیت یاخود پژمیتە ناو کلێنس، یەکسەر بەشێوەیەکی گونجاو و لەشوێنی گونجاو فڕێی بدە. دوای ئەوەش بیرت بێت بە جوانی دەستەکانت بشۆیت.
• دەست لەدەم و جاو ولوت و هتد مەدە.
• خۆت لەبەکارهێنانی پەرداخ و قاپ و چەقۆ و کەوچک و چەتاڵ بەدووربگرە کە دەکرێت بەر خەڵکی دیکە کەوتبێت یاخود بەکارهاتبێت.
• هەموو زێر و سەعاتێتک لەخۆت بکەرەوە پێش ئەوەی بچیتە سەر هەرکارێک، چونکە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەریان بە زیندوویی بۆماوەی جیاوازی بمێنێتەوە بەگوێرەی جۆرەی مادەکە.
• ئەگەر عەینەک لەچاو دەکەیت، بە جوانی و زوو بە ئاوی گەرم و سابوون پاکیبکەرەوە.
• هەوڵبدە لەکاتی کارکردندا عەدەسە لەچاو نەکەیت چونکە ئەمە دەکرێت ناچارتبکات دەست لەچاوت بدەیت و ئەگەری توشبوونت زیاد دەکات.
• ڕەچاوی ئەو جلوبەرگە بکە لەبەری دەکەیت. هەندێک جلوبەرگ کە فابریکی تێدایە ئاسانتر لە جلوبەرگی دیکە پاکدەکرێنەوە. هەموو جلوبەرگێک دەبێت بە وریاییەوە دابکەندرێت و دوای کار بە ئاوی گەرم و سابوون یاخود تایت بشۆردرێت.
• قژ بەتەواوی دەبێت داپۆشرابێت. قژی درێژ دەبێت بەسترابێت و داپۆشرابێت.
• لەکاتی کاردا ئەگەر کرا هەوڵبدە پارەی کاش بەکارمەهێنە. کرێدت کارت، جزدان یاخود جانتاکەت هەمیشە بە پاکی رابگرە. هێندەی دەکرێت هەوڵبدە دەستت نەخەیتە گیرفانتەوە.
• هەمیشە هەوڵبدە لە دەرەوە و لە ناوچەیەکی کراوەدا دیدار لەگەڵ خەڵک ئەنجامبدەیت. ئەگەر پێویست بوو دیدارەکانت لە ژوورەوە ئەنجامبدەیت، شوێنێک دیاریبکە کە نزیکبێت لە دەرچەیەکی کراوەوە بۆ هەواگۆڕکێ (بۆ نموونە پەنجەرەی کراوە.). هەروەها خۆت لە ئەنجامدانی کار لە ژووری بچووک و داخراودا بەدووربگرە.
• لەو وەسیلەی گواستنەوەیە بکە لە کاتی کارکردندا بە کاری دەهێنیت. لە هەرکوێ کرا، خۆت دووربگرە لە سەفەرکردن بە وەسیلەی گواستنەوەی گشتی وەکو پاس لە کاتی قەرەباڵغیدا و دڵنیابە کە جێڵی کحولی بۆ پاککردنەوەی دەستەکانت بەکاردەهێنیت دوای دابەزین.
• ئەگەر ئۆتۆمبیلی خۆتت بەکارهێنا، ئاگاداربە یەک کەسی نەخۆش دەکرێت ڤایرۆسەکە بۆ سەرنشینەکانی دیکەی ناو ئۆتۆمبیلەکەت بگوازێتەوە، وەکو لەم راپۆرتەی بی بی سیدا لە هندستان روویداوە. لەکاتی گەشتکردندا با پەنجەرەکانی ئۆتۆمبیلەکەت کراوەبن بۆ ئەوەی هەواگۆڕکێ رووبدات و هەروەها هەوڵبدە داپۆشەری دەموچاو بەکاربهێنت کاتێک لە ناو ئۆتۆمبیلەکەتدایت.
• هەمیشە دڵنیابە دەستەکانت بە ئاوی گەرم و سابوون بشۆیت پێش کارکردن لە ناوچەیەکی تووشبوو، لەکاتی روماڵکردنی ناوچەیەکی توشبوو و هەروەها دوای جێهێشتنی ناوچەکە.
ئامێری پزیشکی پاراستنی کەسی
بەپێی سروشتی ئەرکەکە، رەنگە کارمەندانی راگەیاندن پێویستیان بە لەبەرکردنی جلوبەرگی تایبەتی پزیشکی بێت بۆ ئەوەی بە سەلامەتی راپۆرت بکەن. ئەمە لەوانەیە دەستکێشێکی کاتی، ماسکی دەم و چاو، بەروانکەی پاراستن/جل و بەرگی جەستە و بەرگی پێڵاوی کاتی هتد.
بەسەلامەتی ئامێرەکانی پزیشکی پاراستی کەسی لەبەربکەو دابکەنە. دەبێت بە جوانی و بەووردی ئاگاداری ئەمەبیت. تکایە سەردانی ئەم لینکە بکە بۆ ئامۆژگارییەکانی سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان لەوبارەیەوە. لەکاتی داکەندنی کەلوپەلەکاندا بەتایبەتی وریابە چونکە دەکرێت ڤایرۆسەکە بگواسترێتەوە. ئەگەر گوومانت لە هەر شتێک هەبوو، راوێژی پسپۆرێک وەربگرە و مەشقبکە پێش ئەوەی بچیتە سەر کار.
تکایە تێبینی بکە لە زۆر وڵاتدا، جلوبەرگی پزیشکی ئاست بەرز هێشتا کەمن و دۆزینەوەیان قورسە، بۆیە بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە دەکرێن قەیرانی کەمی دروستبکات.
• دڵنیابە هەر کەلوپەلێکی پزیشکی لەبەردەکەیت قەبارەی دروستی خۆت بێت. ئەگەر ئەو کەلوپەلانە پڕبەرت نەبن، دەکرێت لەکاتی جوڵەدا بدڕێن (ئەگەر زۆر تەسکبێت)، و دەکرێت لە شت گیرببێت وەکو دەسکی دەرگا و بدرێت (ئەگەر بێتوو زۆر گەورەبێت).
• هەمیشە ئامێری پاراستنی کەسی ئەو براندانە بەکاربهێنە کە ناوبانگیان بەرزە و گرنگی بە کەمترین ئاستی مەترسی دەدەن لە دروستکردنی کەلوپەلەکانیاندا. ئاگاداری ئامێری خراپ و ساختە بە. لێرەدا دەتوانیت هەندێک لە باشترین براندەکان ببینیت.
• دەستکێشی خۆپاراستن بەکاربهێنە ئەگەر لە هەر ناوچەیەکی توشبوو یاخود بنکەیەکی تەندروستی کاردەکەیت. تێبینی ئەوەبکە کە ئەو دەستکێشانەی لە نایتریڵ دروستدەکرێن بەرگری باشتر بۆ دابیندەکەن وەک لەو دەستکێشانەی لە لەیتێکس دروستدەکرێن. لەدەستکردنی دوو دەستکێش سەلامەتیت زیاد دەکات.
• ئەگەر لە ناوچەیەکی ئاست مەترسی بەرزی وەکو بنکەیەکی تەندروستی کارت کرد، ئەوا کەلوپەلی زیاتری پزیشکی وەکو جلوبەرگی داپۆشەری تەواوی لاشەت و ماسکی کامل بەدڵنیایەوە پێویستە.
• ئەگەر کەلوپەلی پزیشکی کاملت بەکارهێنا بۆ داپۆشینی تەواوی جەستەت، دڵنیابە کە پێش لەبەرکردنی ئەو کەلوپەلانە بچیتە سەر ئاو.
• دەکەوێتە سەر جۆری ئەرکەکەت، بەڵام رەنگە پێویستبکات داپۆشەری کاتی بۆ سەر پێڵاوەکانت یاخود پێڵاوی کاتی لە پێبکەیت کە ئاوی تێناچێت و هەر کە شوێنەکەت جێهێشت دەبێت یاخود فڕێبدرێن یاخود بەجوانی لە ڤایرۆس پاکبکرێنەوە.
• باشترە لە ژێر چاودێری کەسێکی شارەزا ئەم کەلوپەلە پزیشکیانە لەبەربکرێن و دابکەندرێن، چونکە بیرت بێت لەم کاتەدایە دەکرێت ڤایرۆس بگوازرێتەوە بۆت. لەوبارەیەوە ئەم ڤیدیۆیە لەسەر چۆنیەتی لەبەرکردنی کەلوپەلەکان و ئەمەش لەسەر چۆنیەتی داکەندیان کە سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا رەنگە بەسوودبێت بۆت. بەڵام نابێت ئەم ڤیدیۆیە وەکو جێگرەی سەرپەرشتیکار یاخود مەشقکردن لەوبارەیەوە سەیربکرێت.
• هەرگیز دەستکێش، قات (بەدی سوت)، و جلوبەرگی دیکە یاخود داپۆشەری پێڵاو کە بۆ ئەوە کراوە یەکجار لەبەربکرێن، دووجار لەبەرنەکەیت. دەبێت بەجوانی لە ڤایرۆس پابکرێتەوە پێش ئەوەی جارێکی دیکە لەبەربکرێنەوە. دڵنیابە لەوەی بەشێوازێکی دروست هەموو کەلوپەلە پزیشکییەکانت داکەندووە پێشئەوەی شوێکە جێبهێڵیت.
ماسکی دەموچاو
بەکارهێنانی ماسک بەشێوازێکی دروست بەتایبەتی گرنگە بۆ ئەو کارمەندەکانی راگەیاندن کە بەردەوامن لە رووماڵکردن لە نێو خەڵک، لە شوێنی داخراو، یاخود لە ناوچەیەک کە ئاستی مەترسی تیایدا بەرزە. دەبێت وریابیت لە ناوچەی داخراودا کۆبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە هەوادا زیاترە بەبەراورد بە شوێنی ئاسایی، ئەمەش چانسی توشبوونت زیاتر دەکات.
ئاگاداربە ئەگەر ماسک بەجوانی بەکارنەیەت دەکرێت خۆیان ببنەهۆکاری توشبوونت. لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن لانسێت نیشانیدەدەات ڤایرۆس دوای حەوت رۆژ لەسەر ماسکی عەمەلیانکرن دەمێنێتەوە. بەگوێرەی ئەم دیراسەیە، داکەندنی ماسک، دووبارە بەکارهێنانەوەی یاخود دەستدان لە دەمووچاوت لەکاتی پۆشینی ماسکەکەدا، دەکرێت مەترسی توشبوونت بۆ دروستبکات.
ئەگەر ماسکت پۆشی، دەبێت ئەم ئامۆژگاریانە بەرچاوبگریت:
• ئەگەر کاری رۆژنامەنووسی لە شوێنێکی داخراو ئەنجام دەدەیت یان شوێنێک کە مەترسی تیایدا بەرزترە، ماسکی N95 (FFP2/FFP3) بپۆشن لە جیاتی ماسکی ئاسایی عەمەلیات.
• دڵنیابە ماسکەکە بەباشی لەسەر پردی لوتت و چەناگەت دادەنیشێت و کەمترین بۆشایی دەمێنێتەوە.
• دڵنیابە کە مووی دەمووچاوت زۆر کەمکردۆتەوە، ئەوەی دڵنیابیت ماسکەکە بەجوانی دەمووچاوت داپۆشێت.
• گرنگە ڕێنماییەکانی پۆشینی ماسک بە سەلامەتی بێ کەمووکورتی جێبەجێبکەیت. دەست لە بەشی پێشەوەی ماسکەکە مەدە، تەنیا بە حەپلەکانی لەدەم و چاوتی بکەرەوە. ئەگەر دەستت بەر ماسکەکە کەوت یەکسەر بە جوانی دەستەکانت بشۆ.
• بەکارهێنانەوەی ماسک مەترسییەکی گەورەیە. هەمیشە ماسکی بەکارهێنراو بخە ناو عەلاگەیەک و توند بیبەستە ئینجا فڕێی بدە.
• هەمیشە دەستت بە سابوون و ئاوی گەرم بشو یاخود بە دەست پاککرەوەی کحولی پاکیکەرەوە( کە ٦٠% زیاتری مادەی ئێثنۆڵە و٧٠% ئیسۆپرۆپانۆڵ.)
• هەر کاتێک ماسکەکەتان تەڕبوو یاخود شێی گرت، یەکسەر بیگۆڕە بە ماسکێکی وشک و پاک.
• بزانە بەکارهێنانی ماسک تەنیا یەک ڕێگای خۆپاراستنە. دەستنەدان لە دەم، لوت، چاو و زۆرشۆردنی دەستەکانت زۆر گرنگن.
• ئاگاداربە ماسکی دەمووچاو رەنگە لە بازاڕ نەمێنن یاخود نرخیان زۆر بەرزببێتەوە، بەگوێرەی ناوچەکەت.
سەلامەتی ئامێرەکانت
• ئەگەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرنا لە رێگەی ئامێرەوە جدییە. سیستەمێکی پاککردنەوە بە بەکارهێنانی مادەی دژە ڤایرۆس دەبێت هەمیشە پەیڕەوبکرێت.
• مایکی ئاراستەیی ‘fishpole’ لە دوورەوە لە جیاتی مایکی یەخە بەکاربهێنە. مایکی یەخە تەنیا دەبێت ئەو کاتە بەکاربهێنرێت کە ڕێوشوێنەکانی سەلامەتی و پاکوخاوێنی بەتەواوی پەیڕاوکراوە.
• دوای تەواوبوونی هەموو ئەرکێک، دەبێت داپۆشەری مایک بە تایت بشۆردرێت و لە ڤایرۆس پاکبکرێتەوە.یارمەتی و راوێژ وەرگرە وەرگرە لەسەر چۆنیەتی لابردنی لۆگۆکە بۆ ئەوەی ئەگەر ڤایرۆسی لەسەر بوو بۆت ناگوازرێتەوە. هەوڵبدە ئەو داپۆشەرانە بەکارنەهێنیت کە بۆ ڕێگریکردنە لە با چونکە پاکردنەوەیان قورسترە.
• هەوڵبدە پارچەی هیدفۆنی هەرزان بەکاربهێنیت، بەتایبەتی بۆ میوانەکانت، و دوای هەر بەکارهێنانێک فڕێیانبدەیت. پێش و دوای بەکارهێنان، هەموو پارچەکانی هێدفۆن بەجوانی لە ڤایرۆس پاکبکەرەوە.
• لێنسێک بەکاربهێنە کە زوومی شوێنی دووربکات تا بتوانیت لە دوورەوە وێنەبگریت.
• هەرکاتێک گونجاو بوو، ئامێری بێ وایەر بەکاربهێنە.
• بیربکەرەوە چۆن ئامێرەکانت لە کاتی کاردا هەڵذەگریت. هیچ شتێک لەسەر زەوییەکە فڕێمەدە و هەموو شتێک بخەرەوە ناو پاکەتی خۆی و دایبخە. (بۆ نموونە جۆرە کەیسێکی رەقت پێبێت ئامێرەکانتی تێبکەیت و ئەمەش پاککردنەوەی زۆر ئاسانترە.
• ئەگەر کرا بە جۆرێک لە نایلۆن یاخود عەلاقە ئامێرەکەت دابپۆشە، ئەمەش وادەکات ئامێرەکە ڤایرۆسی بەرنەکەوێت و دواتر پاککردنەوەی ئامێرەکەت ئاساندەبێت لە ڕێگەی فڕێدانی عەلاگەکەوە.
• چەند پاترییەکی پڕ شەحن لەگەڵ خۆتدا بەرەو و هەوڵمەدە لە گۆڕەپانی کار پاتری شەحن بکەیت. هەبوونی ئامێرێک کەمتر واتا ئەگەری کەمتری توشبوون بە نەخۆشی کۆرۆنا.
• هەمیشە هەموو ئامێرەکانت بە کلێنسی دژە بەکتریایی خێرا کارلێکەری وەکو مێلیسیپتۆڵ پاکبکەرەوە، دوای ئەمەش بەچڕوپڕی پاکیکەرەوە. نموونەی ئامێرەکان: مۆبایل، ئایپاد، پلاک، هێدفۆن، لاپتۆپ، هارد درایڤ، کامێرا، باجی رۆژنامەنووسی و حەبلی باجەکەت.
• دڵنیابە هەموو ئامێرەکانت پاککراونەتەوە پێش گەڕانەوەتە بۆ بنکە و دڵنیابە ئەوانەی کە بەرپرسن لە کەلوپەلەکان پێشوەختە ئاگاداری ئەمەن. دڵنیابە کە هیچ ئامێرێک هەر ئاوا فڕێنادرێت لە ئۆفیس بێ ئەوەی بدرێتەوە ئەو کەسەی بەپرسە لە پاککردنەوەیان.
• ئەگەر دژە بەکتریات نەبوو، شایەنی ئاماژەپێدانە تیشکی خۆری راستەوخۆ ڤایرۆس دەکوژێت. بۆیە لە خراپترین حاڵەتدا، و ئەگەر هیچ بەدیلت نەبوو، ئامێرەکانت بخە بەر تیشکی خۆر بۆ چەند کاژێرێک. ئەوەش لە بیربێت ئەمە دەکرێت رەنگی ئامێرەکەت تێکبدات و کاریگەری خراپ لەسەر ئامێرەکەت دروستبکات.
• ئەگەر ئۆتۆمبیل بەکاردەهێنیت، دڵنیابە کە دوای کار ناوەوەی ئۆتۆمبیلەکەت بە جوانی پاکدەیتەوە، باشترە لەلایەن کەسێکەوە کە بەدروستی مەشقیانپێکراوە ئەم کارەبکرێت. سەرنجی تایبەتی دەبێت بدرێت بەو شوێنانەی کە خەڵکی دەستی لێدەدەن وەکو دەسکی دەرگاکان، سوکان، گێڕ، هاندڵ برێک، ئاوێنەکانی تەنیشت و سەرینی کوشنەکان، قایشی خۆبەستنەوە، داشبۆرد، و دوگمە یاخود دەسکی کردنەوەی پەنجەرەکان.
پاککردنەوەی ئامێری ئەلیکترۆنی
ئەم خاڵانەی خوارەوە هەندێک ڕێنمانی گشتین لەسەر چۆنیەتی پاککردنەوەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانت. هەمیشە رێنماییەکان کۆمپانیای دروستکەری ئامێرەکە بخوێنەوە پێش ئەوەی هەوڵی پاککردنەوەی هەر ئامێرێک بدەیت.
• هەمیشە کێبڵی کارەبا و پاتری لە ئامێرەکانت بکەرەوە.
• هیچ جۆرە شلەیەک بۆ پاککردنەوەی ئامێرەکانت بەکارمەهێنە. سپرای، بلیچ، و سمپارە بەکارمەهێنە. ئەمانە بە دڵنیایەوە ئامێرەکەت خراپ دەکەن.
• هەرگیز هیچ مادەیەک بە سپرای راستەوخۆ مەکە بەسەر ئامێرەکەتدا.
• هەمیشە قوماشی نەرم بەکاربهێنە کە توک دەرنادات و زبر نییە ئامێرەکەت بڕوشێنێت.
• قوماش کەمێک شێدار بکە بەڵام با تەڕ نەبێت کە ئاوی لێبتکێت و سابونی بەدەستت لێبدە و ئینجا بەکاری بهێنە.
• بە چڕوپڕی چەند جارێک بەسەر ئامێرەکتیدا بهێنە.
• رێگە مەدە هیچ شێیەک بچێتەناو ئامێرەکەتەوە لە رێگەی ئەو کونانەوە کە دەکرێت لە ئامێرەکەتدا هەبێت(وەکو کونی شەحنکردن، کونی هێدفۆن، یاخود کیبۆرد).
• ئامێرەکانت بە قوماشێکی وشک و پاک و نەرم وشکبکەرەوە.
• هەندێک کارگەی دروستکردنی ئامێرەکان پێشنیاری ئەوەدەکەن مادەی ٧٠% ئایزۆپرۆپێل بۆ پاککردنەوەی ئەو ئامێرانە بەکاربهێنرێت کە ئاویان تێناچێت.
• کاتێک مادەکانی دژە بەکتریا بۆ پاککردنەوە بەکاردەهێنیت بزانە دروستکەری ئامێرەکە چی لەو بارەیەوە دەڵێت، چونکە ئەو مادانە دەکرێت ئامێرەکەت تێکبدەن. وردەکاری زیاتر دەکرێت لەم بابەت بخوێنرێتەوە.
ئاسایشی دیجیتاڵی
• ئاگاداربە رۆژنامەنووسان رووبەڕووی ئا هێرشی ئۆنلاین دەبنەوە بەهۆی کارەکانیانەوە لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا. دەکرێت ئەوانەی کە دژی ڤاکسین و پۆشینی ماسکن توندوتیژیت بەرامبەر ئەنجامبدەن. . بە پراکتیزە دروستەکانی کۆمیتەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووساندا بچۆرەوە بۆ پاراستنی خۆت دژی هێرش.
• حکومەتەکان و کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆژیا بەردەوام چاودێریدەکەن وەکو رێگایەک بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩. لە نێو ئەوانەدا، گروپی NSO هەیە کە پێگاسوسی دروستکردو، ئەو بەرنامەیەی سیخوڕیکردن کە دژی رۆژنامەنووسان بەکارهێنراوە، بەگوێرەی سیتیزن لاب. گروەپانی ئازادییە مەدەنییەکان نیگەرانن لەبارەی چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی چاودێریکردن دژی خەڵک دوای تەواوبوونی ئەم قەیرانە. رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە وێبسایتەکەیان ئەو پێشڤەچوونە جیهانیانە تۆماردەکەن.
• گرنگی بە ئاسایشی دیجیتاڵیت بدە، بە تێبینیکردنی ئەوەی هاکەرەکان و ساختەچییەکان ئەمڕۆ تاکەکان لە ڕێگەی ناردنی ئیمەیڵەوە لەبارەی کرۆنا ڤایرۆس دەکەنە ئامانج. ئەگەر کلیکی لەسەر بکەیت دەکرێت دەستبەسەر زانیارییەکاندا بگرن، بەگوێرەی کۆمپانیانی بواری ئینتەرنێت، نۆرتن.
• بەپێی راپۆرتەکان، تاوانباران بەردەوامی قەیرانی تەندروستی بەکاردەهێنن بۆ بەئامانجگرتنی ئەو کەس و رێکخراوانەی کە بەناردی لینکی ساختە (سپام) بۆیان لەبارەی ڤاکسینەوە. وریابە کاتێک کلیک لەسەر هەر بابەتێک دەکەیت لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سۆشیاڵ میدیا، هەندێک لەو لینکانە دەکرێت بتنێرن بۆ هەندێک سایت کە رەنگە بەرنامەی خراپەکار لەنێو ئامێرەکانت دابەزێنن.
• وەکو گاردیان راپۆرتی لەسەر کردووە، دەبێت وریای زانیارییە هەڵەبیت رژێمەکان بڵاویدەکەنەوە و هەروەها دەبێت ووریای زانیاری هەڵەی گشتی بیت، ئەمەش شتێکە رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە تایبەتی هۆشداری لەسەرداوە وبی بی سی راپۆرتی لەسەرکردووە. لەسەر وێبسایتی تەندروستی جیهانی رێنوێنی باش هەیە بۆ جیاکردنەوەی زانیاری دروست لە زانیاری خەیاڵی.
• لەبارەی کۆنفرانسی ئۆنلاین و مەسەلەکانی پرایڤەسی بخوێنەرەوە تا هۆشیاربیت لەبارەی ئەم خزمەتگوزاریانە چی لە زانیارییەکانت دەکەن، و دەستیان دەگاتە چی تۆ، و تاچەند سەلامەتن. لەکاتێکدا ژمارەیەکی زیاتری خەڵک لەماڵەوە کاردەکەن، هەندێک خزمەتگوزاری لەلایەن هاکەرەکانەوە کراونەتە ئامانج.
• وریایە ئەو مەترسیانە دەکرێت رووبەڕووت ببنەوە بەهۆی راپۆرترکردنەوە لە نێو رژێمە نادیموکراسییەکان، کە لە نزیکەوە چاودێری رووماڵەکان دەکەن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا. هەندێک حکومەت رەنگە بیانەوێت ئاستی مەترسییەکە بشارنەوە، بەوهۆیەوە سانسۆر بخەنە سەر میدیا، ئەمەش لەلایەن CPJ رووماڵکراوە.
تاوان و ئاسایشی جەستەی لەکاتی کاردا
• ئەگەر دەتوانیت بۆ راپۆرت لە وڵاتێکی دیکە گەشت بکەیت، لێکۆڵینەوە لەسەر دواین بارودۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە بکە بۆیدەچیت. بە تێبینیکردنی ئەوەی کە ناوە ناوە حاڵەتەکانی توندوتیژی و خۆپیشاندان لەسەراپای جیهان روودەدەن.
• بەتایبەتی ئاگاداربە کاتێک راپۆرت لە ناوچە گوندنشینەکان دەکەیت. خەڵکی دەکرێت بە گومان بن و و توندوتیژی ئەنجامبدەن بەرامبەر خەڵکی دەرەکی لە ترسی ئەوەی رەنگە ڤایرۆسی کرۆنایان بۆ بەرن.
• ئاگاداری ئەوەبە کە پۆلیس رەنگە بەتوندی مامەڵەبکات بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و رەنگە هێرشی جەستەیت بکاتە سەر و گازی فرمێسک رێژ دژ بەکاربهێنێت.
• ئەگەر لە بەندینخانەیەک یاخود سەنتەرێکی دەستبەسەرکردنەوە راپۆرت ئامادە دەکەن، رۆژنامەوسان دەبێت ئاگاداری ئەو مەترسیانە بن بەندییەکان دروستی دەکەن بەهۆی خۆپیشاندانەوە لەبارەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەکو بەمدوایە لە سیرالیۆن، ئیتالیا، نایجیریا، کۆلۆمبیا و هندستان بینیمان.
• ئاگاداری زیادبوونی ئاستی تاوان بە، بە تێبینیکردنی ئەوەی وڵاتانی وەکو عێراق، ئەمریکا، ئێرڵەندا، فەلەستین و ئێران، ئێرلەندا، ئەندەنووسیا و سۆماڵیلاند بەندکراوانیان ئازادکرووە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی بەندییەکانیان و پاراستنیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا.
• ئاگاداری زیادبوونی راورووت و دزیکردن بە بەتایبەتی ئەگەر رێوشوێنەکان توندبکرێنەوە و ئاستی بێکاری زیادبکات.
• رۆژنامەنووسانی نێو وڵاتە نادیموکراسییەکان دەبێت ئاگاداری ئەوەبن دەکرێت بەندبکرێن بەهۆی راپۆرتکردنەوە لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەکو CPJ ئاماژەیپێداوە. هەروەها رۆژنامەنووسانی بیانی دەکرێت سنوورداشبکرێنەوە.
پلانی گەشتکردن بۆ وڵاتانی دیکە
بەهۆی سنورداکردنی گەشتەوە، گەشت بۆ وڵاتانی دیکە هێشتا زۆر نارەحەتە. ئەگەر بواری گەشتکردن بۆ وڵاتێکی دەرەکی لە ئارادابوو، دەبێت ئەمانەی خواروە لەبەرچاوبگریت:
• ئاگاداری ئەوەبە کە لە نێو وڵاتێکیشدا دەکرێت ڕێوشوێنی جیاواز لە نێو شارو ناوچە جیاوازەکانیدا پەیڕەبکرێن. ئەمەش دەکرێت بێ ئەوەی ئاگادارییەکی ئەوتۆ بڵاوبکرێتەوە رێوشوێنی نوێ جێبەجێبکرێت. بۆیە هەمیشە چاودێری سەرچاوە لۆکاڵییەکانی هەواڵ بکە بۆ زانینی ڕێوشوێنی نوێ.
• دەکرێت کەرەنتینکردن دەستپێبکاتەوە بێ ئەوەی ئاگادارییەکی ئەوتۆ بڵابکرێتەوە، ئەمەش بەگوێرەی ئەو وڵاتەی بۆی دەڕۆیت دەکرێت بگۆڕێت.
• هەموو ئەو بنکە تەندروستیانە بناسەوە لەو شوێنەی کاری تێدادەکەیت. ئاگاداربکە کارمەندانی تەندروستی دەکرێت لەپڕدا خۆپیشاندان یاخود مانگرتن.
• دەستکەوتنی کەلوپەلی پزیشکی رەنگە سنورداربێت یاخود هەر بوونی نەبێت. هەمیشە پێش ئەنجامدانی هەر ئەرکێک لێکۆڵینەوە بکە و کەلوپەلی پێویست لەگەڵ خۆت بەرە.
• ئەگەر کرا، ڤاکسینی کۆڤید-١٩ وەربگرە پێش چوونە سەر کار و دڵنیابە هەموو ڤاکسینەکانی دیکەت وەکو پرۆفیلاکیست پێشتر وەرگرتووە.
• سەیری سیاسەتی ئینشورانسی تەندروستیت بکە. تێبینی ئەوە بکە وەدەستهێنانی ئینشورانس بۆ نەخۆشی کرۆنا رەنگە بەردەست نەبێت. ئاگاداربە کە زۆر حکومەت ئاستی جیاوازی راوێژیان بڵاوکردۆتەوە لەبارەی سەردانکردنی هەندێک وڵات.
• ئاگاداربە سنووری زەمینی ژمارەیەکی زۆر دەوڵەت داخراون. هەر سنوورێک کە دەکرێنەوە دەکرێت بێ ئاگادارکردنەوە دابخرێن، ئەمەش شتێکە پێویستە بیخەیتە ناو پلانەکەتەوە بۆ بارودۆخی پێشبینی نەکراو.
• ئەگەر نەخۆشیت، گەشت مەکە. زۆربەی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، هەروەها ڕێوشوێنی توندی پشکنین پیادەدەکەن.
• بلیتی فڕۆکەیەک ببڕە کە بەتەوای مەجالی هەڵوەشاندنەوەی تێدابێت. بەهۆی راپۆرتەکانی هەواڵ، ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتە هۆی زیانی گەورەی دارایی بۆ زۆر هێڵی ئاسمانی.
• لە دواین بارودۆخی ڤیزا بۆ ئەو ناوچەیەی بۆی دەچیت بکۆڵەرەوە و تێبینی ئەوە بکە زۆر وڵات ڤیزایان هەڵوەشاندۆتەوە.
• دڵنیابە ئەو وڵاتەی سەردانی دەکەیت داوای بڕوانامەی تەندروستی ناکات کە بڵێت تۆ ڤایرۆسی کۆرۆنات نییە.
• با پلانی گەشتەکانت کراوەبێت و ئاسایبێت کاتی زیاترت پێبچێت بەهۆی پشکنینی تەندروستی و پشکنینی پلەی گەرمییەوە لە فرۆکەخانەکانی جیهان. هەمان شت دەکرێت لە وێستگەکانی شەمەندەفەر و کەشتی و پاس رووبدات.
• با دواین زانیارییەکانت لابێت لەسەر ئەو شوێنەی بۆی دەڕۆیت. هەندێک وڵاتی وەکو عەرەبستانی سعودییە و رووسیا تەنیا ڕێگە بە هاوڵاتی چەند وڵاتێک دەدەن بچێتە ناو فڕۆکەخانەکانیان و تێرمیناڵەکانیانەوە.
• بەردەوام چاودێری هەواڵی ناوخۆیی لەبارەی گەشتی ناوخۆی شارەکان لەو وڵاتەی سەردانی دەکەیت بکە.
• ئەگەر لە بنکەیەکی تەندروستی، بازاڕ، کێڵگەیەک کارتکرد، ئەوا بەرگێکی تایبەتی کاتی بەسەر پێڵاوەکانتا لەبەربکە کە ئاوی تێنەچێت. دەبێت دوای جێهێشتنی شوێنەکە دەبێت فڕێبدرێت.
• هەمیشە دڵنیابە دەستەکانت بەچڕوپڕی و بە ئاوی گەرم و سابوون بشۆ، پێش، لەکاتی و دوای رۆشتن بۆ شوێنێکی توشبوو.
• ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشییەکەت لەسەر دروست بوو، بەتایبەتی تا و هەناسەکورتی، بزانە چۆن چارەسەری پزیشکی وەردەگریت. هەندێک دامەزراوەی تەندروستی دەکرێت پێشنیاری خۆ-جیاکردنەوە بکات بۆ ئەوەی کەسی دیکە توش نەکەیت. ئەگەر لەوڵاتێکدایت ژمارەیەکی زۆر توشبووی هەیە، مەترسی بینینی کەسانی نەخۆش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەنتەرەکانی چارەسەر و ناوچە قەرباڵخەکانی دیکە زیاددەکات و ئەمەش ئەگەری توشبوونت زیاددەکات.
دوای ئەرکەکەت
• بەردەوام چاودێری تەندروستیت بکە بۆ دروستبوونی هەر نیشانەیەک.
• دوای سەردانکردنی ناوچەیەک کە مەترسی کۆرۆنا تیایدا بەرزە، خۆ-کەرەنترینکردن رەنگە پێویست بێت. تکایە گوێ بدە رێنماییەکانی حکومەت لەوبارەیەوە.
• هەمیشە چاودێری دواین زانیاری لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکە و هەروەها ئەو ڕێوشوێنانەی لە وڵاتەکەی خۆت و ئەوشوێنەی سەردانت کردووە بۆ کەرەنتینکردن دەگیرێتەبەر.
• بەردەوام چاودێری تەندروستیت بکە. بەگوێرە رێژەی توشبوون لەو وڵاتەی کە تیایدایت، واباشە لیستێک بکەیت کە تیایدا ناوی هەموو کەسانە بنوسیت چاوت پێیانکەوتووە لەماوەی ١٤ رۆژدا دوای گەڕانەوەت. ئەمە یارمەتیدەردەبەت بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی لێت نزیکبوون لەئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکان لەسەرت.
ئەگەر نیشانەکانت هەبوو
• ئەگەر نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنات لەسەر دەرکەوت، چەندە بچووکیش بێت، تیمی بەڕێوبەرانت و دەسەڵاتداران ئاگاداربکەوە. لەگەڵیاندا کاربکە بۆ ئەوەی گواستنەوەی گونجاوت بۆ رێکبخەن لە دوا شوێنی کارەکەتەوە بۆ ماڵ. نەکەی سواری تاکسی ببیت.
• بەگوێی ئامۆژگارییەکانی تەندروستی جیهانی و سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان بکە یاخود دەسەڵاتی تەندروستی ناوخۆیی وڵاتەکەت بۆ پاراستنی خۆت و کۆمەڵگاکەت.
• بۆ لانیکەم حەوت ڕۆژ لە دروستبوونی نیشانەکانەوە ماڵ جێمەهێڵە.(ماوەی دیاریکراوە دەکرێت لە حکومەتێکەوە بۆ حکومەتێکی دیکە بگۆڕێت). ئەمکارە کەسانی دیکە لە کۆمەڵگاکەت دەپارێزێت لەکاتێکدا تۆ نەخۆشیت.
• پێشتر پلان دەبنێ و داوای یارمەتی لەوانی دیکە بکە. داوا لە بەرێوبەرەکەت، هاورێکانت، خێزانەکەت بکە پێداویستییەکانت بۆ بهێنن و لەبەردەم دەرگاکەت دایبنێن.
• ئەگەرکرا، هەمیشە دوورییەکی سەلامەت لەنێوان خۆت کەسانی دیکە لە ماڵەکەتدا دروستبکە.
• بچۆرەوە ماڵەوە و راوێژ لەبارەی خۆ-جیاکردنەوە جێبەجێبکە.
• لە ماڵەوە دوور ببە لە کەسانی تر لە هەر کاتێک کە گونجاو بوو، وە ئەگەر بتوانیت بە تەنها بخەوە.
ئامۆژگارییەکانی لیژنەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان CPJ لەسەر زانیاری سەرەتایی سەلامەتی بۆ رۆژنامەنووسان و ژوورەکانی هەواڵ دابیندەکات لەبارەی سەلامەتی جەستەی، دیجیتاڵی و دەروونی، هەروەها بەوانەوە رووبەرووت دەبنەوە لەکاتی رووماڵکردنی پشێووی و هەڵبژاردنەکان.
[تێبینی سەرنووسەر: ئەم رێوشوێنانە سەرەتا ١٠ی شوباتی ٢٠٢٠ بڵاوکرانەوە و بەردەوام تازە دەکرێتەوە. رۆژی بڵاوکردنەوە لەسەرەوە دواین بەرواری تازەکردنەوە دەردەخات.]