ئۆتۆمبێلێکی سوپای ئیسرائیل لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023دا لە بەردەم زیندانیی سەربازیی ئۆفەر لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو دەڕوات. دەستگیرکردنی 17 ڕۆژنامەنووس لە کەرتی ڕۆژئاوا لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمدا، ئیسرائیلی کردووە بە شەشەم خراپترین زیندانی ڕۆژنامەنووسان لە سەرژمێریی زیندانەکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) کە لە یەکەمی کانوونی دووەمی 2023دا ئەنجامدرا. چین و میانمار پێشەنگی لیستی خراپترین زیندانییەکان بوون. (وێنەکە: ئاژانسی فرانس پرێس/فادڵ سێنا)

سەرژمێریی زیندانەکان بۆ ساڵی 2023: ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە بەرزترین ئاستی تۆمارکراو نزیکبوویەوە؛ زیندانیکردن لە ئیسرائیل هەڵکشاوە

ئارلین گێتز

لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل-غەزەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، ئیسرائیل بووەتە یەکێک لە وڵاتانی پێشەنگ لە زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووساندا، ئەوەش بەگوێرەی سەرژمێریی زیندانەکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) بۆ ساڵی 2023، ئیسرائیل چووەتە پلەی شەشەم و هاوئاستە لەگەڵ ئێران کە دەکەونە دوای چین، میانمار، بیلاڕووس، ڕوسیا و ڤێتنامەوە.

بە گشتی و تاوەکو ڕۆژی سەرژمێرییەکە کە 1ـی کانوونی یەکەمی 2023ـە، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان 320 ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراوی تۆمارکردووە، ئەوەش دووەم بەرزترین ئامارە کە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) لە مێژووی سەرژمێرییەکانیدا تۆماری کردبێت کە لە ساڵی 1992ـەوە بەردەوام بڵاویکردووەتەوە، ئەوەش ئاماژەیەکی بێزارکەر و جێگەی نیگەرانییە بۆ ستەمکاریی قووڵ و هێرشی ڕقاوی ئەو ڕژێمانەی کە سوورن لەسەر خنکاندنی دەنگە سەربەخۆکان. هەندێک لە حکومەتەکان هەنگاوی تووندتریان ناوە و ئامڕازی سەرکەوتکردنی نێودەوڵەتییان بەکارهێناوە بۆ هەڕەشەکردن و هەراسانکردنی ڕۆژنامەنووسان لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان، بۆ نمونە؛ هەنگاوە ترسناکەکانی مۆسکۆ بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی ڕووسی کە لە وڵاتانی دیکە دەژین؛ یاخود ئەسیوپیا کە زۆری لە جیبۆتی دراوسێی کرد ڕۆژنامەنووسێکی دەربەدەرکراو بگەڕێنێتەوە تاوەکو ڕووبەڕووی تۆمەتی تیرۆری بکاتەوە.

توێژینەوەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) ئەوەشی دەرخستووە کە زیاتر لە 65%ـی  – 209 – ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراوی ناو سەرژمێرییەکە بە تۆمەتەکانی دژ دەوڵەتی وەک هەواڵی هەڵە و تیرۆر زیندانیکراون وەک تۆڵەسەندنەوەیەک دژی ڕووماڵە ڕەخنەئامێزەکانیان. لە 66 کەیسیشدا، ڕۆژنامەنووسان دەستگیرکراو هیچ تۆمەتێکیان پێ نەگوتراوە کە پێی دەستگیرکراون. ئەوان زۆرجار ڕووبەڕووی دۆخێکی دڕندەیی بێوێنە دەبنەوە، زۆرجار پرۆسەی یاسایی دەشێوێنن، چونکە دەسەڵاتداران لە قۆناغی پێش تۆمەتبارکردن و پێش دادگاییکردن، دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان درێژ دەکەنەوە، پارێزەرانی ڕۆژنامەنووسانیش ڕووبەڕووی تۆڵەسەندنەوە و هەڕەشە دەبنەوە لە سەرانسەری جیهاندا.

دەرخستە سەرەکییەکانی دیکە لە ساڵی 2023دا:

خراپترین زیندانیکەرانی ڕۆژنامەنووس

وڵاتانی چین (44 ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراو)، میانمار (43) و بێلاڕوس (28) زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئەو ڕۆژنامەنووسانەیان دەستگیرکردووە کە ناویان لە سەرژمێریەکەدا هاتووە، واتە بەڕێژەی 35.8%.

ڕۆبێرت پانگ (چەپ)، پارێزەری میدیاکاری لایەنگری دیموکراسی جیمی لای (ڕاست) لە 22ی کانوونی دووەمدا دەگاتە دادگا لە هۆنگ کۆنگ، ئەو ڕۆژەی دادگا داواکارییەکی لای (لە چاوپێکەوتنێکی میدیایی مانگی حوزەیرانی 2020دا نیشان دراوە) ڕەتکردەوە بۆ رەتکردنەوەی تۆمەتێک لەبارەى یاخیبوونی. لە 2ی کانوونی دووەمی 2024دا لای هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە ڕەنگە بەهۆیانەوە سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا بسەپێنرێت (وێنەکان، چەپ بۆ ڕاست: AFP/پیتەر پارکس، AFP/ئەنتۆنی واڵاس)

چین لە مێژە وەک یەکێک لە خراپترین زیندانیکەرانی ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا دانراوە، سانسۆری حکومەتیش زانین و دیاریکردنی ژمارەی تەواوەتی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراوی سەخت کردووە، لەم ساڵانەی دواییدا سەرکوتکردنی میدیایی لە چین فراوانتر بووە، لە ساڵی 2021دا بۆ یەکەمجار لە مێژووی سەرژمێرییەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندا ڕۆژنامەنووسان لە ھۆنگ کۆنگ دەستگیرکران، ئەو دەستگیرکردنانەش دوای ئەوە هات حکومەتی پەکین یاسای توندی ئاسایشی نیشتمانیی بەسەر هۆنگ کۆنگدا سەپاند دوای چەند خۆپیشاندانێکی گەورەی پرۆ دیموکراسی لە هەرێمەکەدا. چەند ڕۆژنامەنووسێک دەستگیرکران کە لە هەمان کاتدا کەیسەکانیان دوادەخرا، بۆ نمونە جیمی لای، دامەزرێنەری ڕۆژنامەی پرۆ دیموکراسیی “ئەپڵ دەیلی” کە ئێستا داخراوە، پرۆسەی دادگاییکردنی جیمی لای کاتێک دەستیپێکرد کە ناوبراو نزیکەی 1100 ڕۆژی لە زینداندا بەسەربرد، ئەگەریش تاوانبار بکرێت، پێدەچێت بۆ هەتا هەتایی زیندانی بکرێت.

دەسەڵاتدارانی چین بەکارهێنانی تۆمەتەکانی دژە دەوڵەتیان زیاتر بەکارهێنا بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان، ئەوەتا لە هەر پێنج کەیسێکی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان کە لە سەرژمێریی 2023ـی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسدا هاتووە، سیانیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن، هاندانی جووداخوازی یاخود ڕووخاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت دەستگیرکراون. زۆرێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە تۆمەتبار کراون، لە نەتەوەی ئۆیگوورن لە هەرێمی شینجیانگن کە تێیدا پەکین تۆمەتبارکراوە بە ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەهۆی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ و سەرکوتکردنی توندی گروپە نەتەوەییەکانی ناوچەکە کە زۆربەیان موسڵمانن، لەو 44 ڕۆژنامەنووسەی لە ساڵی 2023دا لە چین دەستگیرکراون، 19ـیان لە نەتەوەی ئۆیگوورن.

لە ساڵی 2021ـەوە، سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان لە میانمار و بیلاڕووس خراپتر بووە.

لە میانمار، ڕەوشی میدیای سەربەخۆ لە دوای کودەتا سەربازییەکەی شوباتی 2021ـەوە وێران بووە، سەرانی کودەتا بە خێرایی دەستیانکرد بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان، داخستنی دەزگا میدیاییەکان و ناچارکردنی ڕۆژنامەنووسان بۆ هەڵهاتن بەرەو دەرەوەی وڵات. دوای نزیکەی سێ ساڵیش، بەردەوام ڕۆژنامەنووسان لەڕێگەی یاسایەکی دژە دەوڵەتەوە بە ئامانج دەکرێن کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت بۆ تاوانبارکردنی “هاندان” و “هەواڵی درۆ”. لە مانگی ئایاردا، ڕۆژنامەنووسی فۆتۆگرافەر سای زاو تایکی لەکاتی ڕووماڵکردنی پاشماوەی زریانە کارەساتبارەکەی مۆچا لە ڕۆژئاوای میانمار دەستگیرکرا و دواتر بە تۆمەتی دروستکردنی فیتنەیی سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش درێژترین سزای زیندانیکردنی راگەیەنراوە کە بەسەر ڕۆژنامەنووسێکدا سەپێنرابێت دوای کودەتاکە.

لە بیلاڕووس و لە ساڵی 2020ـەوە، دەسەڵاتداران زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسانیان بەهۆی کارەکانیانەوە زیندانی کردووە ، ئەو کاتەی کە وڵاتەکە بەهۆی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە لەدژی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەلێکساندەر لوکاشینکۆی سەرۆکی بێلاڕووسەوە کە جێی مشتومڕ بوو، کەوتنە زیندانەوە. زۆرینەی – 71% – ئەو ڕۆژنامەنووسانە ڕووبەڕووی تۆمەتی دژە دەوڵەت بوونەوە؛ نزیکەی نیوەییان سزای پێنج ساڵ یان زیاتریان بەسەردا سەپێنرا.

دەسەڵاتدارانی بیلاڕووس یاسای “توندڕەوی” بەکاردەهێنن وەک باوترین چەک بۆ زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان لە تۆڵەی کارە ڕۆژنامەوانییەکانیان، لە کۆی حەوت ڕۆژنامەنووسە زیندانییە نوێیەکەی بیلاڕووس کە لە سەرژمێریی ساڵی 2023ـی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندا هاتووە، پێنجیان تۆمەتبارکراون بە دروستکردن یان بەشداریکردن لە گروپە توندڕەوەکان، یان ئاسانکاریکردن بۆ چالاکییە توندڕەوییەکان. (کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان هەروەها لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە ئاخۆ ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی بیلاڕووسی ڕووبەڕووی تۆمەتی هاوشێوە دەبێتەوە یان نا.) بەپێی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی بیلاڕووسی لە هەندەران، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لانیکەم 19 دەزگای ڕاگەیاندن بە “توندڕەو” ناوزەد کراون.

پێشهاتە نوێیەکان

دوو گۆڕانکاریی سەرەکی لە لیستی سەرژمێرییەکەی 2023دا ئیسرائیل و ئێرانن، کە هەریەکەیان تاوەکو 1ـی کانوونی دووەمی 2023، لانیکەم 17 ڕۆژنامەنووسیان دەستگیرکردووە و هەردووکیان پلەی شەشەمیان گرتووە. 

ئیسرائیل چەندین جار ناوی لە سەرژمێریی ساڵانەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندا هاتووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی زیندانیکردبێت لەو کاتەوەی کە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە ساڵی 1992ـەوە دەستی بە تۆمارکردنی حاڵەتەکانی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان کردووە، هەروەها یەکەمجارە ئیسرائیل لە ڕیزبەندی شەشەمی تاوانبارانی سەرەکیدا ناوی بهێنرێت. هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی تاوەکو بەرواری سەرژمێرییەکە کە 1ـی کانوونی یەکەمی 2023ـە، لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون، لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و غەزە لە 7ـی تشرینی یەکەمدا و لە کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو دەستگیرکراون، زۆربەیان لە زیندانی ئیداریدا ڕاگیراون کە ڕێگە بە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەدات بەبێ ئاڕاستەکردنی تۆمەت زیندانیان لە دەستبەسەریدا بهێڵنەوە بە پاساوی ئەوەی کە گومانیان هەیە دەستگیرکراوەکە پلانی ئەنجامدانی تاوانی هەیە لە داهاتوودا.

سروشتی داخراویی ڕێکارەکان وایکردووە بۆ توێژەرانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان قورس بێت ئەو تۆمەتانە بزانن کە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسەکان بووەتەوە، بەڵام چەند خێزانێک بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانیان گوتووە کە پێیان وایە ئەوان بەهۆی بڵاوکراوەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیندانی کراون. (لێرە زیاتر دەربارەی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە بخوێنەرەوە).

بە گشتی ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە زیاتر لە 20 ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکردووە، بەڵام ئەوانەی پێش 1ی کانوونی دووەم ئازاد کراون یان دوای ئەو بەروارە دەستبەسەرکراون، لە سەرژمێریی ساڵی 2023دا تۆمارنەکراون. (بۆ زانینی دوایین ئامارەکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) لەبارەى ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو تەماشای ئێرە بکە).

لە ئێرانیش، ئامارەکانی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە پاش ئەوەی لە ساڵی 2022دا وەک خراپترین زیندانیی ڕۆژنامەنووسان دەستنیشانکرا لەدوای هەڵمەتی سەرکوتکردنی میدیایی بۆ ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران کە بەهۆی مردنی ژینا ئەمینی 22 ساڵە سەریهەڵدا. زۆرێک لەو 62 ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەی کە لە لیستی سەرژمێریی 2022دا ناویان هاتبوو بە کەفالەت ئازادکران و چاوەڕێی ڕۆژی دادگاییکردن یاخود تۆمەتبارکردنیان دەکەن، واتە کەمبوونەوەی ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو لە ساڵی 2023دا ئاماژە نییە بۆ دەستهەڵگرتنی ئێران لە سەرکوتکردنی میدیا، بەڵکو دەسەڵاتدارانی ئێران وەڵامی ئەو ڕاپۆرتە زۆرانەیان داوەتەوە کە لەسەر مافەکانی ژنان بە تایبەت بە ئامانجگرتنی ژنە ڕۆژنامەنووسە دیارەکان بڵاوکرانەوە کە دەیانویست بیانکەنە نمونە و وانە بۆ ئەوانی دیکە.

تا 1ی کانوونی دووەمی 2023، لە کۆی 17 ڕۆژنامەنووس کە لە ئێران زیندانیکراون، هەشتیان ژن بوون.

لەوانە؛ نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی کە یەکەمین ڕۆژنامەنووس بوون لە مانگی ئەیلولی 2022دا هەواڵیان لەسەر مردنی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە، ئەوان بە تۆمەتی دژە دەوڵەت کە پەیوەندییان بە ڕووماڵ و ڕاپۆرتەکانیانەوە هەیە، سزای 13 و 12 ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە، ڕۆژی 14ی کانوونی دووەمی 2024، هەردوو ڕۆژنامەنووس بە کەفالەت ئازادکران دوای بەسەربردنی 16 مانگ لە زینداندا، لە کاتێکدا دادگای باڵای ئێران پێداچوونەوە بە تانەکەیاندا دەکاتەوە (استئناف). لە ئێستادا ڕۆژنامەنووسی فريلانس ڤیدا ڕەبانی لە زیندانی ئێڤینە لە تارانی پایتەخت و بەشی یەکەمی ئەو دوو سزای زیندانییە بەسەر دەبات کە بە هەردووکییەوە 17 ساڵ زیندانی دەکات بەهۆی ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە.

ڕووسیاش هەوڵەکانی بۆ سەرکوتکردنی ڕووماڵکردنی ئازادانە چڕترکردووەتەوە، سەرباری خنکاندنی تەواوەتی میدیای سەربەخۆی وڵاتەکە لەدوای جەنگی داگیرکردنی ئۆکرانیا لە شوباتی 2022دا، مۆسکۆ هەوڵدەدات ڕۆژنامەگەری لە دەرەوەی سنوورەکانیشی بە تاوان بناسێنێت بە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن و سزای زیندانیکردن لە غیابیدا بۆ چەند ڕۆژنامەنووسێکی دیار کە لە دەربەدەریدا کاردەکەن.

ڕووسیا هەروەها ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامەنووسی بیانی لە زیندانەکانی خۆیدا دەستبەسەرکردووە، لە کۆی ئەو 17 ڕۆژنامەنووسەی کە لە سەرژمێرییەکەدا هاتوون و لە دەرەوەی شوێن و وڵاتی خۆیان دەستگیرکراون، 12ـیان لەلایەن ڕووسیاوە دەستگیرکراون، دووانیان بە ناوەکانی ئیڤان گێرشکۆڤیچ و ئەلسو کورماشیڤا هاووڵاتی ئەمریکین و لە دەستبەسەریی پێش دادگاییکردندا ماونەتەوە، ئەو 10 کەسەی دیکەش خەڵکی ئۆکرانیان، پێنجیان لە نەتەوەی تەتەری نیمچە دوورگەی کریمیان کە نەتەوەیەکی زۆرینەی موسڵمانە و خەڵکی ڕەسەنی نیمچە دوورگەکەن کە لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن ڕووسیا لکێنرا بە خاکەکەیەوە، چواریان بە تۆمەتی تیرۆر سزای 12 بۆ 19 ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە. یەکێکیان، ئامێت سولەیمانۆڤ، تووشی چەندین کێشەی تەندروستی بووە، وەک کێشەی دڵ، سییەکان، گەدە و جومگەکان.

دڕندەیی و تۆڵەسەندنەوە

بارودۆخی زیندانەکان لەو وڵاتانەی کە خراپترین پێشینەی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسانیان هەیە زۆر خراپە. ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لە سەرەتای ساڵی 2023دا بڵاوکراونەتەوە دەریانخستووە کە زیندانیان لە چین، میانمار، بیلاڕووس، ڕووسیا و ڤێتنام بە شێوەیەکی گشتی ڕووبەڕووی دەستدرێژی جەستەیی و سێکسی، قەرەباڵغی، کەمیی خۆراک و ئاو و ناتەواوی چاودێریی پزیشکی دەبنەوە.

سیاجێکی دڕکاوی بە دەووری ئەو شوێنەی کە بە فەرمی بە ناوەندێکی پەروەردەی کارامەیی پیشەیی ناسراوە لە دابانچێنگ لە هەرێمی خۆسەری شینجیانگ ئویگور، لە ساڵی 2018دا وێنەکە گیراوە. پۆلیسی دابانچێنگ دوو ڕۆژنامەنووسی ڕۆیتەرزی بۆ زیاتر لە چوار کاتژمێر دەستبەسەر کرد دوای گرتنی ئەم وێنەیە. (وێنەکە: ڕۆیتەرز/تۆماس پیتەر)

لە کۆی ئەو 320 ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەی کە لە سەرژمێریی ساڵی 2023دا هاتووە، 94 کەسیان، واتە نزیکەی 30%، کێشەی تەندروستییان هەیە، زۆرێکیان ناتوانن دەرمان بەدەست بخەن یان دەستیان بە پزیشک بگات، بەڵام زۆرجار خێزانەکانیان لە ترسی تۆڵەسەندنەوە لە کەسوکارەکانیان ئامادە نین قسە بکەن و دەنگ هەڵبڕن. توێژینەوەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) چەندین حاڵەتی دەرخستووە کە ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە چاودێری تەندروستی و دەرمان و هەندێکجاریش پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک گەرمی و ئاوی گەرم و کارەبا بێبەشکراون.

بۆ نموونە ڕۆژنامەنووسی ڤێتنامی هوین توک ڤی کە سزای دوو ساڵ و نۆ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە لەسەر ئەوەی گوایە ئاڵای ڤێتنامی دڕاندووە، باوکی ئەو ڕۆژنامەنووسە، هوین نگۆک توان، لە تشرینی دووەمی 2023دا بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی گوتووە کە ڤی تووشی نەخۆشی بەستەری دڵ بووەتەوە کە حاڵەتێکی مەترسیداری دڵە و پێویستی بە دەرمان هەیە کە زیندانەکە دابینی ناکات و خێزانەکەشی توانای کڕینی نییە بۆئەوەی بە بەردەوامی بیگەیەننە زیندانەکە لە 120 میل لە ماڵەکەیانەوە دوورە.

هەر لە ڤێتنام، بەرپرسانی زیندان وازیان لە دابینکردنی ئاوی گەرم بۆ تران هونی دوی توک هێنا بۆ ئەوەی نەتوانێت مەعکەرۆنییەکی خێرا ئامادە بکات کە لە کافتریای زیندانەکەدا کڕدرابوو. توک کە سزای 16 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و دواتریش دەبێت پێنج ساڵی دیکە لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر بێت، بەهۆی “چالاکییەکانی بە ئامانجی ڕووخاندنی حکومەت” دەستگیرکراوە، زۆرجار مانگرتنی لە خواردنی راگەیاندووە دژی خراپی بارودۆخی زیندان و لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووشدا وازی لە خواردنی خۆراکی زیندان هێنابوو وەک ناڕەزایەتی دژی نادادپەروەریی بەشەخۆراکەکەی.

ئەندامانی خێزانی توک دەڵێن لە ساڵی 2017دا تووشی نەخۆشی چاو بووە، دوای ئەوەی بەرپرسانی زیندانەکە بە بەردەوامی کارەبای ژوورە تاریکەکەی دەبڕن و ڕەتیانکردووەتەوە کە ئەو لایتە شەحنەی پێ بدەن کە لەلایەن خێزانەکەیەوە دابینکراوە بە بیانووی ئەوەی بردنەناوەوەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ ناو زیندانەکە قەدەغەیە.

لە ڕووسیا، ڕۆژنامەنووسی فریلانسی ئۆکراینی ئیرینا دانیلۆڤیچ کە سزای شەش ساڵ و 11 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، سەرەڕای ئەوەی توانای بیستنی لە گوێی چەپیدا لەدەستداوە و تووشی سەرئێشەی بەردەوام بووە، باوکی دانیلۆڤیچ بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی گوتووە، ئەگەر چارەسەری پزیشکی نەکرێت، ناوبراو لە لێواری تێکچووندایە.

هەروەها لە بیلاڕووس، کسێنیا لوتسکینا سەرەڕای ئەوەی بەدەست وەرەمێکی شێرپەنجەیی مێشکەوە دەناڵێنێت لەکاتێکدا سزای هەشت ساڵ زیندانی بەسەر دەبات، چاودێری پزیشکی گونجاو وەرناگرێت.

سزای دوای زیندانیکردن

زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان تەنانەت دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکانیان لە زینداندا، ئازادییان سنووردار دەکرێت، ئەمەش نەک هەر کاریگەری لەسەر بژێوی ژیانیان هەیە، بەڵکو ڕێگە بە حکومەتە سەرکوتکەرەکانیش دەدات بەردەوام بن لە بێدەنگکردنی دەنگەکانیان.

بۆ نموونە لە ڕووسیا، ئەندرێ نۆڤاشۆڤ دوای تێپەڕاندنی سزای هەشت مانگ زیندانی لە چاکسازی گەوراندا، بۆ ماوەی ساڵێک کاری ڕۆژنامەوانی لێ قەدەغە دەکرێت. ئەلێکساندەر ڤالۆڤ کە لە مانگی ئازاری 2023دا دوای تێپەڕاندنی شەش ساڵی تەواو زیندانی ئازادکرا، دەبێت هەموو هەفتەیەک بچێتە لای پۆلیس و پشکنین بکات و لە ژێر “چاودێری ئیداری”دا دەمێنێتەوە، هەروەها بۆ ماوەی دوو ساڵ ناتوانێت شاری سۆچی لەسەر دەریای ڕەش بەجێبهێڵێت، هەرچەندە ئەو بە فەرمی کارکردنی وەک ڕۆژنامەنووس لێ قەدەغە نەکراوە، بەڵام ناوبراو بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی گوت کە هیچ کەسێک نایەوێت کارێک بدات بە ڕەخنەگرێکی ناسراوی حکومەت.

لە ڤێتنامیش، پێنج ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی دۆان کین جیانگ، ترونگ چاو هو دان، نگوین فۆک ترونگ باو، لێ زە تانگ و نگوین تان نها  کە لە دەزگای هەواڵیی سەربەخۆی باو ساچ (ڕۆژنامەی پاک) کە ئێستا لەکارکەوتووە کاریان دەکرد، لە کاری ڕۆژنامەنووسی قەدەغەکراون دوای بەسەربردنی سێ ساڵ زیندانی بە تۆمەتی دژە دەوڵەت.

لە ئێران، ڕۆژنامەنووس نەسیم سۆڵتانبەیگی کە هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە، بە دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات و دوو ساڵیش قەدەغەکردنی پەیوەندیکردن بە گرووپ و ئەنجوومەنە سیاسییەکان سزا دراوە، ئەوە جگە لە سزای سێ ساڵ و نیو زیندانی کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی سیستەمەکە و هەماهەنگیکردن دژی ئاسایشی نیشتمانی سزا دراوە.

لە چین کە زیندانییەکان لەدوای بەسەربردنی سزاکانیان دەنێردرێنە کەمپەکانی دووبارە پەروەردەکردنی سیاسی یان لە زینداندا دەهێڵرێنەوە، چارەنووسی کۆمەڵێک خوێندکار کە کاریان کردووە بۆ ئیلهام تۆهتی، دامەزرێنەری ماڵپەڕی هەواڵی شینجیانگ ئویگوربیز کە بە زیندانیی هەتاهەتایی سزا دراوە، هێشتا نادیارە.

میسریش مێژوویەکی هەیە لە سنووردارکردنی چالاکیی ڕۆژنامەنووسان دوای ئەوەی سزاکەیان بەسەردا سەپێنراوە. ڕۆژنامەنووسی فۆتۆگرافەری میسری و خاوەنی خەڵاتی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی نێودەوڵەتی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان مەحمود ئەبو زەید ناسراو بە “شەوکان” دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 لە زیندان ئازاد بوو، بۆ ماوەی پێنج ساڵ گەشتی نێودەوڵەتی لێ قەدەغە کرا.

سەرکوتکردنی هەرێمی

بە دڵنیاییەوە ئاماری ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەنها بەشێکی وێنە گەورەکەیە، ڕیزبەندییەکان کەم و زیاد دەکەن، هەروەها کەمی ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو لە وڵاتێک، مانای بوونی زیاتری ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لەو وڵاتەدا نییە، بۆ نمونە چەندین کەیس هەن لەو وڵاتانەی کە سیاسەتی “دەرگای سووڕاوە“یان هەیە وەک تورکیا، میسر، ئێران و سوریا.

ئەفریقای خوار بیابان

ئێریتریا کە تێیدا 16 ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکاندان، حەوتەم خراپترین زیندانی ڕۆژنامەنووسانی جیهانە و خراپترینی کیشوەری ئەفریقایە. ئەوانەی لە ئێریتریا ڕاگیراون بریتین لە هەندێک لە درێژترین حاڵەتە راگەیەنراوەکانی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان  لە سەرانسەری جیهان؛ تا ئێستا هیچکامیان هیچ جۆرە تۆمەتێکیشیان ئاڕاستە نەکراوە.

لە ئەفریقای خوار بیابان، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی تاوەکو 1ی کانونی یەکەم زیندانی کراون بەرزبووەتەوە بۆ 47 کەس، لەکاتێکدا 31 ڕۆژنامەنووس بوو لە ساڵی 2022دا، هەروەها 30 ڕۆژنامەنووس بوو لە ساڵی 2021، ئەسیوپیا (8) و کامیرۆن (6) لە ڕیزبەندی دووەم و سێیەم خراپترین زیندانیی ڕۆژنامەنووسان لە ناوچەکەدا هاتووە.

ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە ئەسیوپیا، ڕەنگدانەوەی ئەو ژینگە سەختەیە کە بۆ میدیاکان درووستکراوە. سەرەڕای واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە ساڵی 2022دا کە کۆتایی بە دوو ساڵ شەڕی ناوخۆ هێنا، هێشتا نائارامی و ململانێ لە ویلایەتی ئەمهارا لە وڵاتەکەدا هەیە لە نێوان میلیشیا ناوچەییەکان و هێزە فیدراڵیەکاندا و دۆخەکە زیاتر پەرەی سەندووە. هەر هەشت ڕۆژنامەنووسەکەی ناو سەرژمێریی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان بۆ ساڵی 2023، بەهۆی ڕووماڵکردنی ئەم ململانێیەوە دەستگیرکراون.

هەروەها داتاکان ڕەنگدانەوەی سەرکوتکردنی میدیاکانە لە سەنیگال، زامبیا، ئەنگۆلا و ماداگاسکار. سەنیگال کە پێنج ڕۆژنامەنووسی تێدا زیندانی کراوە، پێشتر تەنیا دوو جار و لە ساڵەکانی 2008 و 2022 لە سەرژمێرییەکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندا ناوی هاتووە کە هەر ساڵێک تەنها یەک ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکانیدا بووە.

کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، زامبیا، ئەنگۆلا، بوروندی و نەیجیریا، هەر وڵاتێک بە یەک ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکراو لە سەرژمێریی ساڵی 2023دا ناویان هاتووە، ماداگاسکاریش کە بۆ یەکەمجارە لە سەرژمێریەکەدا ناوی دێت، یەک ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکردووە. ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتەپاڵ ستانیس بوجاکێرا تشیامالا لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتیکی جێگەی نیگەرانین کە تێکەڵەیەکن لە یاسای سزادانی وڵاتەکە، یاسای دیجیتاڵی نوێ و یاسای ڕۆژنامەگەری کە بوار بە دەسەڵاتداران دەدات ڕۆژنامەنووسان دادگایی بکەن و زیندانییان بکەن بەهۆی بڵاوکردنەوەی “هەواڵی درۆ” و هەروەها بڵاوکردنەوەی زانیاری بە شێوەی ئەلیکترۆنی. 

ئاسیا

کیشوەری ئاسیا هێشتا ئەو ناوچەیەیە کە زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی تێدا زیندانی کراوە، جگە لەو وڵاتانەی کە پێشەنگن وەک چین، میانمار و ڤێتنام، لە هیندستان و ئەفغانستان و فلیپینیش ڕۆژنامەنووسان خراونەتە کونجی زیندانەکان.

هیندستان کە حەوت ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکراوی تێدایە، یاسا ئەمنییەکانی وەک یاسای چالاکییە نایاساییەکان (ڕێگریکردن) و یاسای سەلامەتی گشتی جامو و کشمیری بەکارهێناوە بۆ بێدەنگکردنی میدیاکان. (دوبارەکردنەوە)

ئەفغانستان تا مانگی کانوونی یەکەم یەک ڕۆژنامەنووس لە زینداندا بوو، بەڵام سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکانی ئەو وڵاتە لەلایەن تاڵیبانەوە کەمی نەکردووە، بەدرێژایی ساڵ لانیکەم 16 ڕۆژنامەنووسی دیکە دەستگیرکراون و دواتر ئازادکراون، بزوتنەوەی تاڵیبان هەندێکیانی تۆمەتبارکردووە بە کارکردن و بڵاوکردنەوەی راپۆرت بۆ ئەو میدیا ئەفغانیانەی کە لە دەرەوە کاردەکەن.

لە فلیپین، دۆخی میدیایی لە سەردەمی سەرۆک فێردیناند مارکۆس جونیۆردا هێشتا سەخت و نالەبارە، بەڵام بە گشتی ڕۆژنامەنووسان کەمتر ڕووبەڕووی دژایەتیکردن بووەنەتەوە بەراورد بە سەردەمی سەرۆکایەتیی پێشتر، لەئێستادا فرانچی مای کومپیۆ وەک تاکە ڕۆژنامەنووس لەو وڵاتەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە ڕۆژانێک قەڵای ئازادی ڕۆژنامەگەریی ناوچەکە بوو، دەستگیرکراوە. کومپیۆ نزیکەی چوار ساڵە لە کونجی زینداندایە کە بە گوتەی پارێزەرەکانی، بە تۆمەتی بێبنەمای هەڵگرتنی چەکی نایاسایی و دارایی تیرۆر تۆمەتبار کراوە.

ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست

تاجیکستان هێشتا لە سەرەوەی ڕیزبەندی وڵاتانی زیندانیکەری ڕۆژنامەنووسانە لە ئاسیای ناوەڕاست، لەئێستادا حەوت ڕۆژنامەنووس سزای زیندانیکردنیان لە نێوان حەوت بۆ 20 ساڵ بەسەردەبەن، هەموویان لە کۆتایی ساڵی 2022ـەوە سزا دراون. سەردانێکی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) بۆ ئەو وڵاتە لە کۆتاییەکانی 2023دا دەریخست کە ئەو سزا تووندانە ترسی و دڵەڕاوکێ و خۆسانسۆرکردنی لەناو ڕۆژنامەنووسان زیاتر کردووە لە کەشێکی میدیاییدا کە پێشتر بەهۆی چەندین ساڵ فشاری حکومەتەوە کپکراوە.

لە کۆتاییەکانی 2023دا، دۆخی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە ئازەربایجان بە خێرایی خراپتربوو کاتێک ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران لە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە مانگی شوباتی 2024دا ئەنجام بدرێت. چوار ڕۆژنامەنووس و میدیاکارێک لە پێش 1ـی کانونی یەکەم دەستگیرکراون، لانیکەم سێ ڕۆژنامەنووسی دیکەش دواتر دەستگیرکران. ئەو چوار ڕۆژنامەنووسەی لە 1ـی کانوونی یەکەمدا دەستگیرکران لە دەزگای لێکۆڵینەوەی بەناوبانگ “Abzas Media” کاریانکردووە کە بە لێکۆڵینەوەکانی لەبارەى گەندەڵیی بەرپرسانی باڵای دەوڵەت ناسراوە، ئەوان لەکاتی خراپبوونی پەیوەندییەکانی ئازەربایجان و ڕۆژئاوا دەستگیرکران دوای کۆنترۆڵکردنەوەی سەربازیی هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباخ لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە، لەو کاتەدا دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان باڵیۆزخانە و ڕێکخراوە بەخشەرەکانی ئەمریکا و ئەوروپایان تۆمەتبارکرد بە پارەدارکردنی ئەو دەزگا میدیاییە بە شێوەیەکی نایاسایی.

بوونی 13 ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکانی تورکیا کەمبوونەوەیەکی بەرچاوە بەراورد بەو 40 ڕۆژنامەنووسەی کە لە سەرژمێریی ساڵی 2022ی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندا تۆمارکرابوون، بەڵام ژنە ڕۆژنامەنووس هاتیس دومان کە تاکە رۆژنامەنووسی ژنە لە جیهاندا کە درێژترین ماوە لە زینداندا مابێتەوە و سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرابێت، هێشتا لە زینداندایە و پرۆسەی دووبارە دادگاییکردنەوەشی لە ساڵی 2023دا هیچ گۆڕانکارییەکی لە کەیسەکەیدا دروست نەکرد. هەروەها زۆرێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە ساڵی 2023دا ئازاد کراون، هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی دادوەریدان، واتە دەبێت پۆلیس لە جموجووڵەکانیان ئاگاداربکەنەوە و ڕەنگە گەشتی دەرەوەی وڵاتیشیان لێ قەدەغە بکرێت، یاخود ئازادکرابێتن تا ڕۆژی لێکۆڵینەوە یان دادگاییکردن. دوو سەردانەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە تورکیا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023دا دەریخستووە کە کەمبوونەوەی ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو ڕەنگدانەوەی باشتربوونی ژینگەی ئازادی ڕۆژنامەگەری لەو وڵاتەدا نییە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا

میسر ناوی لەناو خراپترین زیندانیکەرانی ڕۆژنامەنووساندایە لە جیهاندا، هاوشێوەی تورکیا، پلەی هەشتەمی لە جیهاندا گرتووە بە دەستگیرکردنی 13 ڕۆژنامەنووسان کە لە سەرژمێریی ساڵی 2023دا تۆمارکراون. سعودیە لە ڕیزبەندی نۆیەمدایە چونکە 10 ڕۆژنامەنووسی لە کونجی زیندانەکاندا شەو و ڕۆژ دەکەنەوە.

میسر، سعودیە، مەغریب و هەرێم کوردستانی عێراق هەموویان لەم ساڵانەی دواییدا بەکارهێنانی هەواڵی ناڕاست، تیرۆر و تۆمەتی دژە دەوڵەتیان لە دژی ڕۆژنامەنووسان فراوانتر کردووە. دەسەڵاتدارانی میسر بە بەردەوامی یاسایەک بەکاردەهێنن کە دەستبەسەرکردنی زیندانییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ پێش دادگاییکردنیان، هەروەها بە تۆمارکردنی تۆمەتی زیاتر، ماوەی دەستبەسەرکردنیان زیاتر درێژ دەکەنەوە. بۆ نموونە: محەمەد سەعید فەهمی کە ڕۆژنامەنووسێکی فریلانسە زیاتر لە چوار ساڵ و نیو لە دەستبەسەرکردنی پێش دادگاییکردندا مایەوە دوای ئەوەی لە ساڵی 2018دا بە تۆمەتی هەواڵی درۆ و تیرۆر دەستگیرکرا. بڕیار بوو لە ساڵانی 2020 یان 2021دا ئازاد بکرێت، بەڵام دوای ئەوەی داواکارانی گشتی تۆمەتی زیاتریان خستەڕوو، ماوەی دەستبەسەرکردنی درێژکرایەوە. مستەفا محەمەد سەعد، وێنەگرێکی کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەرییە و لە ساڵی 2019ـەوە بە تۆمەتی تیرۆر و هەواڵی ناڕاست لە دەستبەسەرکردنی پێش دادگاییکردن لە قاهیرە ڕاگیراوە.

هیچ کەیسێکی نوێی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە بەحرەین و سوریا تۆمارنەکراوە کە هەریەکەیان و لە ساڵی 2023دا پێنج ڕۆژنامەنووسیان لە زیندانەکانیاندا هێشتووەتەوە، بە هەمان شێوە، هیچ کەیسێکی زیندانیکردنی نوێی ڕۆژنامەنووسان لە مەغریب و جەزائیر تۆمارنەکراوە کە هەریەکەیان سێ ڕۆژنامەنووسیان لە زینداندا هێشتووەتەوە. یەکێک لە چوار ڕۆژنامەنووسە زیندانیکراوەکەی عێراق، نوێیە و لە ساڵی 2023دا لە هەرێمی کوردستان زیندانی کراوە. لە تونس، خەلیفە گویسمی لە مانگی ئەیلولدا بۆ تێپەڕاندنی سزای پێنج ساڵ زیندانی بە تۆمەتی ئاشکراکردنی زانیاریی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستبەسەر کرا. سەرەتای ئەمساڵ دادگای تێهەڵچوونەوە سزاکەی لە ساڵێکەوە بۆ پێنج ساڵ زیاد کرد.

ئەمریکای لاتین و کاریبی

ژمارەی تاڕادەیەک کەمی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە ئەمریکای لاتین و کاریبی – یەک ڕۆژنامەنووس بۆ هەر وڵاتێک لە گواتیمالا، نیکاراگوا و کوبا – هەڕەشە و فشارەکانی سەر میدیا لە ناوچەکەدا بەدرۆ ناخەنەوە بە تایبەت کە هندۆراس و ئەلسەلڤادۆر بەردەوامن لە کپکردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامەنووس بە ناچاری دەربەدەر بوون.

لە گواتیمالا، شێوازێک لە هێرشی دژە ڕۆژنامەوانی بووەتەهۆی سانسۆر و بێدەنگکردنی دەزگا سەربەخۆ و لێکۆڵەرەوەکان. خۆسێ ڕوبێن زامۆرا هێشتا لە زینداندایە تەنانەت دوای ئەوەی دادگای گواتیمالا سزای حوزەیرانی 2023ی لەسەر سپیکردنەوەی پارە هەڵوەشاندەوە و فەرمانی دووبارە دادگاییکردنی دەرکرد، کە بڕیارە لە شوباتی 2024دا بەڕێوەبچێت، زامۆرا لە دوای زیندانیکردنی لە مانگی تەموزی 20233ـەوە هەشت جار ناچار بووە پارێزەر بگۆڕێت، چونکە چوار لە پارێزەرەکانی ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری بوونەتەوە وەک تۆڵەسەندنەوەیەکی ڕواڵەتی بەهۆی بەرگریکردن لێی لە دادگا. فشارەکانی حکومەت وایکرد لە مانگی ئایاری 2023دا ڕۆژنامە سەربەخۆکەی بەناوی elPeriodico دابخرێت.

لە نیکاراگوا، پەیامنێری فریلانس ڤیکتۆر تیکای هەشت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە بە تۆمەتی دژە دەوڵەت و هەواڵی درۆ، تۆمەتەکانیش رێک لەگەڵ شێوازی هەراسانکردنی یاسایی، تۆقاندن و تۆمەتی تاوانکاری دژی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ لە نیکاراگوا دەگونجێت، هەر وەک چۆن سەرۆک دانیال ئۆرتێگا هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ دامرکانەوەی ئازادی ڕادەربڕین.

زانیارییەکان نێردراون لەلایەن: سەمیر ئەلشەریف، ئانا براخا، بێهـ لیه یی، جوان چیروا، شۆن کریسپین، دۆجە داود، ئیگناسیۆ دێلگادۆ کولێبراس، سۆنالی داوان، جیرالدا ئیمبالۆ، ئایریس هسو، نیک لویس، کوناڵ مەجومدەر، محەمەد مەندوور، شەریف مەنسور، سکۆت مایمبا ، موثوکی مومۆ، موسا نگۆم، ئۆزگور ئۆگرێت، ئەنجێلا کوینتال، جۆناسان ڕۆزن، گوڵنۆزا سەعید، سۆران ڕەشید، وەلیوڵڵا ڕەحمانی، یەگی ڕەزاییان، دانای ڤیلچێز، کریستینا زەهار, ناتالی گریڤنیاک.

دەستکاریکردنی پرۆفایلی زیندانییەکان لەلایەن ئارلین گێتز، کەتی جۆنز، نائۆمی زێڤلۆف، کەتی میگیرۆ، سارا سپایسەر، جێنیفر دانهام، سۆزانا گۆنزالێس و تۆم بارکلی