ڕۆژنامەنووسی گواتیمالا خۆسێ ڕوبێن زامۆرا مارۆکین، دامەزرێنەر و سەرۆکی ڕۆژنامەی ئێلپێریۆدیکۆ (elPeriódico)، بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و هەڕەشە دەستگیرکراوە کە بە شێوەیەکی گشتی وەک تۆڵەسەندنەوە سەیر دەکرێت لەبەرامبەر ڕووماڵکردنی گەندەڵی لە ڕۆژنامەکەیەوە بەوەی گوایە سەرۆک و داواکاری گشتی گواتیمالا تێیدا بەشداربووە. (ڕۆیتەرز/لویس ئێچێڤێریا)

ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو بەرەو ڕیکۆردێکی نوێی جیهانی بەرزبوویەوە

ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە سەرانسەری جیهان لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئاستێکی دیکەی پێوانەیی تۆمارکرد، ساڵێک کە پڕ بوو لە ململانێ و سەرکوتکردن، سەرکردە تاکڕەو و دەسەڵاتخوازەکان تاوانەکانیان دژی ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ دوو هێندەکردەوە، دڕندەیی زیاتریان ئەنجامدا بۆ دامرکاندنەوە و کپکردنی دەنگە ناڕازییەکان و لاوازکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری.

١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢

لەلایەن ئارلین گێتز/بەڕێوەبەری نوسین لە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)


شێوازی سەرژمێری | سەرکوتکردنی هەرێمی | خراپترین تاوانباران


ساڵی ٢٠٢٢، ساڵێکی دیکەی ڕیکۆردشکێن بوو لە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بەهۆی ئەنجامدانی پیشەکەیانەوە زیندانی کراون. سەرژمێری ساڵانەی زیندانیانی تایبەت بە لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) دەریخستووە کە تا ڕۆژی ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢،  ٣٦٣ ڕۆژنامەنوس ئازادییان لێ زەوت کراوە – ئەوەش ئاستێکی بەرزی نوێی جیهانییە کە بە ڕێژەی ٢٠% ژمارەی پێوانەیی ساڵی ڕابردووی تێپەڕاندووە کە ئەوەش ئاماژەیەکی تاریک و دیارە بۆ خراپبوونی دۆخی میدیایی.

پێنج زیندانیکەرە سەرەکییەکانی ئەمساڵی ڕۆژنامەنووسان بریتین لە ئێران، چین، میانمار، تورکیا و بێلاڕوس. پاڵنەری دیار و سەرەکی پشت زیادبوونی هەوڵە ستەمکارەکانی حکومەتە تاکڕەوەکان بۆ دامرکاندنەوەی میدیا بریتین لە هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی سەرقاپ و کپکردنەوەی ناڕەزایەتییە توندەکان لە جیهاندا کە بەهۆی کۆڤید-19 و دەرئەنجامە خراپە ئابوورییەکانی شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا بەرپابوون.

لە ئێران، دەیان ڕۆژنامەنووس لە نێو ئەو نزیکەی ١٤ هەزار ئێرانییەدان کە لە ماوەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بەهۆی کوژرانی مەهسا ئەمینی، کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵانی کورد کە بە تۆمەتی شکاندنی یاسای حیجاب لە ئێران دەستگیرکرابوو، هەڵگیرسا. لە مانگی ئەیلولەوە، خۆپیشاندانەکان سەرانسەری وڵاتیان گرتەوە و سەقفی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران فراوانتر بوو بۆ مافەکانی ژنان و بانگەوازی مانگرتن و ڕووخاندنی دەسەڵات و دورخستنەوەی سەرکردەکانی وڵات. دەسەڵاتداران ژمارەیەکی پێوانەیی ڕۆژنامەنووسانی ژنیان دەستگیرکردووە – لە کۆی ٤٩ ڕۆژنامەنوس کە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە دەستگیرکراون، ٢٢ دانەیان ژنن – ئەوەش ڕەنگدانەوەی ئەو ڕۆڵە دیارەی ژنانە کە بینیویانە لە ڕووماڵکردنی ئەم ڕاپەڕینەی کە هەر ژن سەرکردایەتی دەکات.

سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران وایکردووە ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ببێتە خراپترین زیندانیکەرانی ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا، ژمارەیەکی زۆریان لە زیندانی ئەڤینی تاران ڕاگیراون. (مەجید ئەسگەریپوور و وانا (ئاژانسی هەواڵی ڕۆژئاوای ئاسیا) لە ڕێگەی ئاژانسی ڕۆیتەرزەوە)

 لە چین، دەسەڵاتداران سانسۆری ئۆنلاینیان توندتر کرد لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی هاوڵاتیان دژی ڕێکار و سیاسەتەکانی داخستنی تەواوەتی بەهۆی پەتای کۆڤید-١٩ـەوە و چەندین ڕۆژنامەنووس بڵاویانکردووەتەوە کە لەکاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکاندا بۆ ماوەیەکی کورت دەستبەسەرکراون.

هەروەها داتاکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) تیشکیان خستە سەر بابەتێکی دیکە: 

سەرکوتی بەردەوامی کەمینەکان.

لە ئێران، کوردەکان پشکی شێریان لە تۆڵەسەندنەوەی حکومەتی ئێران دژی ناڕەزایەتییەکان بەرکەوتووە، و لانیکەم نۆ ڕۆژنامەنووسی کورد لەنێو ئەو ڕۆژنامەنوسانەدان کە لە زینداندان. لە تورکیاش، دەسەڵاتداران ٢٥ ڕۆژنامەنووسی کوردیان دەستگیرکرد کە یان بۆ ئاژانسی هەواڵیی مێزۆپۆتامیا (Mezopotamya News) و دەزگای ژن نیوز (JINNEWS) کە سەرجەمیان ڕۆژنامەنوسی ژنن، یان بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان کاریان کردووە کە دەزگا کوردییەکان لە ئەوروپا بەکاریان دەهێنا. لە عێراقیش هەر سێ ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکەی ئەمساڵ لە کوردستانی عێراق زیندانی کراون. لە چین زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە نەتەوەی ئویگورن و خەڵکی شینجیانگن کە پەکین بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی تۆمەتبار کراوە بەهۆی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ و سەرکوتکردنی توندی گروپە نەتەوەییەکانی ناوچەکە کە زۆربەیان موسڵمانن.

زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان تەنها یەکێکە ڕێگا و ڕێکارەکان بۆ ئەوەی سەرکردە تاکڕەوەکان هەوڵی کپکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری بدەن. لە سەرانسەری جیهاندا حکومەتەکان چەندین تاکتیکی جیاوازیان گرتووەتەبەر وەک یاساکانی “هەواڵی ساختە“، بەکارهێنانی ناوزڕاندنی تاوانکاری، دانانی یاسای ناڕوون بۆ تاوانبارکردنی ڕۆژنامەگەری، فەرامۆشکردنی سەروەری یاسا و خراپ بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری، هەروەها تەکنەلۆژیا دەقۆزنەوە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر ڕۆژنامەنوسان و خێزانەکان.

 لە وڵاتانی ڕووسیا تا نیکاراگوا و ئەفغانستان، دەزگا میدیاییە سەربەخۆکان بێئومێد و بێهیوا بوون چونکە ڕۆژنامەنوسەکانیان یان بەرەو دەرەوە هەڵهاتوون یاخود ناچارکران بە بێدەنگبوون و خۆسانسۆرکردن. هەرچەندە تاکتیک و ستراتیژیی سەرکوتکەرەکان لە وڵاتەکاندا جیاوازن، بەڵام ئەو کەیسانەی کە لە سەرژمێری کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)دا تۆمارکراون، دیوێکی هاوبەشی تاریکی و دڕندەیی و تۆڵەسەندنەوەیان پێوەدیارە.

هەندێک لە وڵاتانی وەک چین و سعودیە بەردەوامبوون لە هێشتنەوەی ڕۆژنامەنووسان تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سزاکانیان. هەندێکی تریش لە کاری هەڕەمەکیی بێبەزەیی تێوەگلاون، بۆ نموونە لە ڤێتنام، ڕۆژنامەنووس فام دۆان ترانگ، کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت سزای نۆ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، لە هانۆیەوە گواسترایەوە بۆ زیندانێکی دوور کە زیاتر لە ٩٠٠ میل لە خێزانەکەیەوە دوورە – ئەوەش تاکتیکێکی باوە بۆ ڕێگریکردن لە سەردانی بەردەوامی زیندانەکان.

لە بێلاڕوس، کاتسیارینا ئەندرێێڤا کە پەیامنێری تەلەفزیۆنی بێلسات (Belsat TV) بووە و یەکێکە لەو دەیان ڕۆژنامەنووسەی کە بەهۆی ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان دژی سەرۆک ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ دەستبەسەرکراون، لە دوا ڕۆژەکانی تەواوکردنی سزای دوو ساڵ زیندانیکردن، دادگا سزای هەشت ساڵی دیکەی بەسەردا سەپاند بە تۆمەتی “پێدان و ئاشکراکردنی نهێنییەکانی دەوڵەت”.لە تورکیا کاتێک دادگای دەستووری فەرمانی دووبارە دادگاییکردنی هاتیس دومانی دەرکرد کە پێشتر سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، ئەو ڕۆژنامەنووسە لەم مانگەدا بە دادگای ئیستەنبوڵی ڕاگەیاندووە کە بەرپرسانی زیندان چەند هەفتەیەک پێش دادگاییکردنەکە دەستیان بەسەر بەڵگەنامە و نوسراوە یاساییەکانیدا گرتووە، ئەوەش پێشێلکارییە و ڕێگری دەکات لە هاتیس دومان تاوەکو خۆی ئامادە بکات بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی خۆی. (پێشتر دومان لە چاوپێکەوتنێکیدا بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)ی وتووە کە لە هەڵمەتێکدا کەلوپەلە کەسییەکانی وەک مێز و کتێب و یاداشتنامە و تەنانەت پارچە کاغەزی سپیشی لێ وەرگیراون).

 خاڵە گرنگەکانی تر:

خراپترین تاوانباران

#١: ئێران

تاوەکو ڕۆژی ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، لانیکەم ٦٢ ڕۆژنامەنوس لەکاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دوای مردنی مەهسا ئەمینی دەستگیرکراون. خۆ ئەگەر ٢١ ڕۆژنامەنووسی دیکە کە لەو ماوەیەدا دەستبەسەرکرابوون و پێش وادەی سەرژمێرییەکە بە کەفالەت ئازاد نەکرابان، ئەوە ژمارەکە لەوە زیاتر دەبوو.

ژمارەی ژنانی ڕۆژنامەنوس لە نێو دەستبەسەرکراواندا بێ پێشبینەیە، چونکە ئەو کاتەی لە گرژییەکانی دوای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییە مشتومڕاوییەکەی ساڵی ٢٠٠٩دا کە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان ژمارەیەکی پێوانەیی شکاند و پاشان لە لە ساڵی ٢٠١٢دا گەیشتە لوتکە بەهۆی دەستگیرکردنی ٤٧ ڕۆژنامەنووسەوە، تەنیا چوار لەو ڕۆژنامەنووسانە ژن بوون.

 لە بەرامبەردا، لە سەرژمێرییەکەی ئەمساڵدا  ٢٤ ژن ناویان هاتووە کە ٢٢ کەسیان دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان دەستگیرکراون.

لە حاڵەتەکانی دەستگیرکردنی ئەمساڵدا، چەند سەرچاوەیەک بۆ کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) باسیان لە شێوازێکی هەڵکوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنوسان لە نیوەشەو و بەرەبەیانی زوودا کردووە، هەروەها پۆلیس دەستی بەسەر کەلوپەل و ئامێرەکانیاندا گرتووە و هەندێکجاریش لەو کەسانەیان داوە کە دەستگیریان کردوون. زۆرجار ڕووماڵەکانیشیان دەسڕێنەوە. زۆرێک لە هەژمارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان – کە پلاتفۆرمێکی سەرەکی بڵاوکردنەوەیە لە وڵاتێکدا کە زۆربەی میدیاکان لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدان – لەناوچوون، چونکە یان لەلایەن حکومەتەوە داخراون یان پێشوەختە لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە سڕاونەتەوە لە ترسی تۆڵەسەندنەوە بەهۆی ڕووماڵەکانیانەوە.

ئەو ٦٢ ڕۆژنامەنووسەی کە ئەمساڵ خراونەتە زیندانەکانەوە، زۆرترین ژمارەیە کە لەلایەن کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانەوە (CPJ) لە ماوەی ٣٠ ساڵی سەرژمێرییەکەیدا بۆ ئێران تۆمارکراوە، بە ڕوونی ژمارەی پێوانەیی زیندانیکردنی پێشووی تێپەڕاندووە کە لە دوای هەڵبژاردنە مشتومڕاوییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ی وڵاتەکەدا تۆمارکرابوو.

جیمی لای، خاوەنکارێکی میدیایی لایەنگری دیموکراسییە لە هۆنگ کۆنگ کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە زیندانی کراوە، بەپێی یاسای ئاسایشی نیشتمانی شارەکە، ئەگەری هەیە سزای هەتاهەتایی بەسەردا بسەپێنرێت. (وێنەی ئاژانسی ئاسۆشییەتد پرێس/کین چیونگ)
#٢: چین

چاودێری و سانسۆری توندی چین لەسەر میدیاکان و ترس لە قسەکردن بە ئاشکرا لە وڵاتێکدا کە چاودێرییەکی چڕی لەسەر خەڵکەکەی داناوە، وایکردووە لێکۆڵینەوە لە ژمارەی وردی ڕۆژنامەنووسان لە زیندانەکانیدا قورس بێت. لەو ڕووانگەیەوە، دابەزینی کەمی ژمارەی تۆمارکراوی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە چین، کە لە ساڵی ٢٠٢١دا ٤٨ ڕۆژنامەنوس دەستگیرکراون و لە ساڵی ٢٠٢٢دا دابەزیوە بۆ ٤٣ ڕۆژنامەنوس، نابێت وەک سووککردن و باشتربوونی ڕەوشی دژایەتی حکومەت بۆ میدیای سەربەخۆ لێکبدرێتەوە.

هێشتا ڕۆژنامەنووسانی ئویگوری بەشێکی بەرچاو لەو کەسانە پێکدەهێنن کە بە تۆمەتی تەمومژاوی سزای توندیان بەسەردا سەپێنراوە. بۆ نموونە ئۆمەرجان حەسەن بەهۆی بڵاوکردنەوەی مێژوویەکی نافەرمی ناوچەی شینجیانگ، ١٥ ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپێنراوە. ئیلهام وێلی، جورێت حاجی، مێنتیمین ئۆبول، و میرکامیل عەبلیمیت لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە بە تۆمەتی دووڕوویی دەستبەسەرکراون کە زاراوەیەکە دەسەڵاتدارانی چین زۆرجار بەکاریدەهێنن بۆ وەسفکردنی ئەو کەسانەی کە بە ئاشکرا پشتگیری لە سیاسەتی حکومەت دەکەن بەڵام بە نهێنی دژایەتی دەکەن. هەروەها سەرنوسەر مێمەتجان ئەبلیز بۆریار لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە دەستبەسەرە، تۆمەتبارە بە پەسەندکردنی بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبانەی کە تەنها دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی چینەوە قەدەغەکران. ڕەوتێکی دیکەی بێزارکەر؛ کۆمەڵێک خوێندکار کە کاریان بۆ ئیلهام تۆهتی، دامەزرێنەری ماڵپەڕی هەواڵی شینجیانگ (ئویگوربیز – Uighurbiz) کردووە کە زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، لەنێو ئەو کەسانەدان کە پێدەچێت سزاکانیان تەواو کردبێت بەڵام ڕەوانەی بەناو “کەمپەکانی دووبارە پەروەردەکردنەوە” دەکرێن لەجیاتی ئازادکردن.

لە هۆنگ کۆنگ، دەزگا میدیاییە سەربەخۆکان لەلایەن پەکینەوە بێدەنگ کران دوای ئەوەی کەوتنە بەئامانجگرتنی خاوەنکاری میدیایی لایەنگری دیموکراسی وەک جیمی لای. مامەڵەکردنی بەرپرسان لەگەڵ لای کە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ـەوە زیندانی کراوە، هێما و نیشانەی پەرەسەندنی سوککردن و بێبایەخکردنی دەسەڵاتداران بۆ پرۆسەی یاسایی و ڕێکخستنی “یەک وڵات، دوو سیستەم” سەیر دەکرێت کە گەرەنتی سەربەخۆیی ئەنجومەنی دادوەری هۆنگ کۆنگ دەکات لە چین. لای کە ڕەگەزنامەی بەریتانیای هەیە، تەنانەت دوای تەواوکردنی سزای ٢٠ مانگیش بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە زیندانێکی زۆر ئاسایش تونددا دەمێنێتەوە. لە 10ی کانوونی دووەمدا، لەکاتێکدا چاوەڕێی دەستپێکردنی دادگاییکردنێکی دیکە بوو کە دەکرێت بەپێی یاسایەکی توندی ئاسایشی نیشتمانی سزای زیندانی هەتاهەتایی بدرێت، سزای پێنج ساڵ و نۆ مانگی بەسەردا سەپێندرا بە تۆمەتی ساختەکاری – تەنانەت لە سەروبەندی ئامادەکارییە یاساییەکانی بۆ دادگاییکردنی ئەمنی، دەسەڵاتدارانی هۆنگ کۆنگ دەیان کۆسپیان لە بەردەم بڕیارەکەی مانگی کانونی یەکەمی دادگای باڵای شارەکە دروستکرد کە بڕیاری دا بەوەی دەکرێت پارێزەرێکی بەریتانی نوێنەرایەتی کەیسەکەی لای بکات.

ئەفسەرانی پۆلیس و پارێزەران لە دەرەوەی دادگای یانگۆن چاوەڕێی دانیشتنێک دەکەن کە بڕیارە لە ١٢ی ئازاری ٢٠٢١ بەڕێوەبچێت بۆ کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دژی کودەتای سەربازیی میانمار دەستگیرکراون. ڕۆیتەرز/سترینگەر
#٣: میانمار

 

 میانمار لە ساڵی ٢٠٢١دا وەک دووەم خراپترین زیندانیکەرانی ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا هاتە ناو ڕیزبەندی سەرژمێرییەکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) کاتێک کودەتا سەربازییەکەی مانگی شوبات حکومەتی هەڵبژێردراوی وڵاتەکەی لە دەسەڵات دوورخستەوە و ڕژێمی نوێ ڕووماڵکردنی میدیایی سەرکوت کرد. بەپێی ئاماری کۆمەڵەی هاوکاری بۆ زیندانیانی سیاسی، ئەو تۆڵەسەندنەوەیەی سەرانی کودەتا لە سەرانسەری وڵاتدا بووەهۆی کوژرانی زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ کەس و زیاتر لە ١٦ هەزار کەسیش بە تۆمەتی سیاسی دەستبەسەر کراون.

ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی میانمار کە تاوەکو ١ی کانوونی یەکەم بە زیندانی تۆمارکراون بۆ لانیکەم بۆ ٤٢ ڕۆژنامەنووس بەرزبووەوە – بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ٣٠ ڕۆژنامەنووس بوو – چونکە ڕژێمی میانمار هەوڵەکانی دووقات کردووەتەوە بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنوسان و نەهێشتنی ئەو چەند دەزگا میدیاییە سەربەخۆیەی وڵاتەکە کە هەن. زۆرێک لە دەزگا هەواڵییەکان تا ئێستاش دوودڵن لە ناساندن و ئاشکراکردنی ڕۆژنامەنوس و ڕۆژنامەنوسە فریلانسەرە دەستبەسەرکراوەکانیان بۆ ئەوەی خۆیان لەو سزا توندانەی کە زۆرجار بەسەر ڕۆژنامەنووساندا دەسەپێنرێن، دووربخەنەوە.نزیکەی نیوەی ئەوانەی دەستبەسەرکراون لە ساڵی ٢٠٢٢دا سزادراون، زۆربەیان بەپێی بڕگەیەکی یاسایی دژە دەوڵەت کە سزای بۆ “هاندان” و “هەواڵی درۆ” داناوە. لە دۆسیەیەکی دیکەی مانگی تشرینی دووەمدا، ڕۆژنامەنووس میۆ سان سۆی بە تۆمەتی تیرۆر بە ١٥ ساڵ زیندانیکردن سزادرا بەهۆی پەیوەندیکردن بە ئەندامانی هێزەکانی پاراستنی گەل، کە کۆمەڵێک گروپی یاخیبوون و شەڕی دژی ڕژێم دەکەن.

وێنەیەکی وەرگیراو لە ڤیدیۆیەکی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا کە تێیدا دەردەکەوێت ڕۆژنامەنووسێک لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢دا دەستبەسەر دەکرێت، (یوتیوب/ئاژانسی مێزۆپۆتامیا)
#٤: تورکیا

دوای دەستگیرکردنی ٢٥ ڕۆژنامەنووسی کورد لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە تورکیا دەستگیرکراون بۆ ٤٠ ڕۆژنامەنوس بەرزبوونەوە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١دا، ١٨ ڕۆژنامەنووس لە زینداندا بوون. پارێزەرانی ڕۆژنامەنووسان بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانیان (CPJ) گوتووە کە هەموویان بە تۆمەتی تیرۆر زیندانی کراون – ئەوەش لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتە بۆ بێدەنگکردنی ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستانی (پەکەکە)ـەوە هەیە.

هەرچەندە بەرزبوونەوەی ژمارەی ڕۆژنامەنوسانی دەستگیرکراو هێشتا کەمترە لە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ دەستگیرکران، بەڵام میدیا سەربەخۆکانی تورکیا بەرەو قڕکردن دەڕۆن بەهۆی سەرکوتکردنەکانی حکومەت و دەستبەسەرداگرتنی چەندین دەزگا و ناچارکردنی دەیان ڕۆژنامەنووس بە هەڵهاتن بەرەو دەرەوە یاخود وازهێنانی لە پیشەکەیان.

ئێستا زۆرێک ترسی ئەوەیان هەیە کە دەستگیرکردنەکانی ئەمدواییە ئاماژە بن بۆ پلامارێکی نوێ بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو، بە تایبەت لە دوای هەموارکردنەوەی یاسای پڕ لە مشتومڕاوی میدیایی لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە لە مانگی تشرینی یەکەمدا کە سزای زیندانیکردن بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنێت کە بە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست تۆمەتباردەکرێن.

ڕۆژنامەنووسی بێلاڕوس کاتسیارینا ئەندرێێڤا کە لێرەدا لەناو قەفەزی تۆمەتباریدایە لە هۆڵی دادگای مینسک لە ١٨ی شوباتی ٢٠٢١دا، لە لێواری تەواوکردنی سزای دوو ساڵ زیندانیکردن بوو کاتێک دادگا سزای هەشت ساڵی دیکەی بەسەردا سەپاند بە تۆمەتی ‘بەخشین’ نهێنییەکانی دەوڵەت.’ (وێنەی ئاسۆشییەتدپرێس)
#٥: بێلاڕووس

بێلاڕووس تاوەکو ١ی کانوونی دووەم، ٢٦ ڕۆژنامەنووسی دەستبەسەرکردووە – ساڵی ڕابردوو ١٩ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکرابوون. نزیکەی نیوەی هێشتا سزا نەدراون؛ بەڵام دوو کەسیان بە ١٠ ساڵ زیندانی سزا دراون. هەموو تۆمەتەکان یان تۆڵەسەندنەوەن یاخود دژە دەوڵەتن، وەک خیانەت.

حاڵەتەکانی دەستگیرکردن بەهۆی تۆڵەسەندنەوەی بەردەوامی لۆکاشینکۆ بوون لە دژی ئەو کەسانەی کە ڕووماڵی دوای هەڵبژاردنە مشتومڕاوییەکەی ساڵی ٢٠٢٠یان کردووە. لەنێو ئەوانەی تا ئێستا دەستبەسەرن، ڕامان پراتاسیڤیچ، ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە دەستگیرکردنەکەی ناڕەزایەتییەکی جیهانی لێکەوتەوە کاتێک دەسەڵاتدارانی بێلاڕوس ڕێڕەوی گەشتێکی ئاسمانییان بەرەو مینسکی پایتەختی بێلاڕووس وەرگەڕاند بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن، گەشتەکە بڕیار بوو بەرەو لیتوانیا بڕوات.


سەرکوتکردنی هەرێمی

ئاسیا

سەرکوتکردنی میدیایی لە چین، میانمار و ڤێتنام، ئاسیای کردووەتە کیشوەرێک کە زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراوی تێدایە – بە گشتی ١١٩ ڕۆژنامەنووس.

ڤێتنام کە ٢١ ڕۆژنامەنوسی زیندانی کردووە، لێبوردەییەکی زۆر کەمی بۆ ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ هەیە، داوای سزای توند دەکات بۆ ئەو کەسانەی کە بە تاوانی دژە دەوڵەت تۆمەتبارکراون. لە مانگی تشرینی یەکەمدا سزای هەشت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر لیمان هادا سەپاند، دواتر پێنج ساڵ زیندانیکردن و مانەوە لە ماڵەوە؛ لە مانگی ئابدا سزای پێنج ساڵی بەسەر بلۆگەر لی ئان هونگدا سەپاند بەهۆی “خراپ بەکارهێنانی ئازادییە دیموکراسییەکان بۆ پێشێلکردنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و ڕێکخراوەکان و تاکەکان”.

لەنێو دەستگیرکراوەکانی دیکەدا فام دۆان ترانگ هەیە کە براوەی خەڵاتی ئازادی ڕۆژنامەوانی نێودەوڵەتی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانە (CPJ) بۆ ساڵی 2022. ترانگ بەپێی یاسایەک کە دروستکردن یان بڵاوکردنەوەی هەواڵ دژی دەوڵەت قەدەغە دەکات سزای نۆ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

هیندستان کە حەوت ڕۆژنامەنووس لە زینداندان، بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە لەسەر مامەڵەکردنی لەگەڵ میدیاکان، بەتایبەتی بەکارهێنانی یاسای سەلامەتی گشتی جامو و کشمیر بۆ هێشتنەوەی ڕۆژنامەنووسانی کشمیری عاسیف سوڵتان و فەهاد شا و سەجاد گوڵ لە زینداندا دوای ئەوەی لە دۆسیەی جیاوازدا کەفالەتی ئازادکردنیان لەلایەن دادگاوە پێدرا.

ئەفغانستان کە سێ ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراوی تێدایە، بۆ یەکەمجار لە ماوەی ١٢ ساڵدا لە سەرژمێری کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) دەردەکەوێت. دوای ئەوەی تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١دا دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرتەوە، سەدان ڕۆژنامەنووسی ئەفغانی وڵاتەکەیان بەجێهێشت؛ ئەوانەی مانەوە هەندێکجار ڕووبەڕووی توندوتیژ دەبنەوە تاوەکو خۆیان لەگەڵ ئایدۆلۆژیای پەڕگیریدا بگونجێن.

باشوری بیابانی ئەفریقا

ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو وێنەیەکی گومڕاکەر لە ئازادی ڕۆژنامەگەری هەرێمی لە باشوری بیابانی ئەفریقای دەکێشن. ئێریتریا وەک خراپترین زیندانی ڕۆژنامەنووسانی ناوچەکە دەمێنێتەوە و لە پلەی نۆیەمی جیهانیدایە. ئەو ١٦ ڕۆژنامەنوسەی لە زیندانەکاندان، بۆ ماوەی ١٧ بۆ ٢٢ ساڵ بەبێ دادگاییکردن و دەستڕاگەیشتن بە خێزانەکانیان یان پارێزەرەکانیان ڕاگیراون.

کامیرۆن لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هەموو ساڵێک لە سەرژمێری ڕۆژنامەنوسانی زیندانیکراودا دەردەکەوێت، دووەم خراپترین زیندانییە لە ناوچەکەدا، پێنج ڕۆژنامەنوس بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و لە ژێر سیستەمێکی دادوەری ناشەفافدا دەستبەسەر کراون کە بریتییە لە بەکارهێنانی دادگای سەربازی بۆ دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووسان، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕۆژنامەنوسان هاووڵاتی مەدەنین.

ئەسیوپیا کە ساڵی ڕابردوو لە پلەی دووەمدا بوو لە دوای ئێریتریا وەک خراپترین زیندانیکەری ڕۆژنامەنووسانی ناوچەکە دانراوە، لە کاتی سەرژمێری ئەمساڵدا تەنها یەک ڕۆژنامەنووس لە زینداندا بوو. (ئەو ڕۆژنامەنووسە، ناتنایل گێچۆ، دوای بەرواری سەرژمێری کە ١ی کانونی یەکەمە بە کەفالەت ئازادکرا). لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی ئەسیوپیا لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، دەسەڵاتداران ناوبەناو زیاتر لە ٦٠ ڕۆژنامەنووسیان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەبێ تۆمەتی فەرمی دەستگیرکردووە. شەڕی چەکداری پڕیەتی لە زانیاری هەڵە و زانیاری ناڕاست و شەڕی گێڕانەوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. لانیکەم پێنج ڕۆژنامەنووس لە شاری مەکێلێ کە لە ژێر دەسەڵاتی یاخیبووانی تیگرایدایە دەستبەسەرن. ئەوان لە سەرژمێری کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)دا ناویان نەهاتووە، چونکە زیندانیکەران کەسانی غەیرە دەوڵەتین، بەڵام ئەوانە ئاماژەیەکی دیار و گرنگن بۆ ئەو بارودۆخە مەترسیدارەی کە ڕۆژنامەنووسان تێیدان لەکاتی ڕووماڵکردندا.

لە ڕواندا، سێ لەو چوار ڕۆژنامەنووسەی کە لە زینداندان کارەکانیان لە یوتیوب بڵاوکردووەتەوە کە یەکێکە لەو پلاتفۆڕمانەی کە هێشتا بەکاردەهێنرێن بۆ بڵاوکردنەوە لەکاتێکدا فەزای دەنگی ناڕازی لەناو میدیای تەقلیدیدا داخراوە. گوایە لانیکەم دوو لەو یوتیوبەرانەی کە لە زینداندان بە ناوەکانی ئایمابڵ کاراسیرا و دییۆدۆن نیۆنسێنگە (هەروەها بە حەسەن سیوماش ناسراوە) ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بوونەتەوە.

ئەمریکای لاتین

ژمارەی کەمی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو – دوو لە نیکاراگوا، یەکێک لە کوبا و یەکێک لە گواتیمالا – بەردەوامی دابەزینی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە سەرانسەری ناوچەکەدا پووچەڵ دەکاتەوە. ساڵی ٢٠٢٢ بە تایبەتی بۆ ڕۆژنامەنووسانی مەکسیک و هایتی کوشندە بوو و چەند وڵاتێکیش چەند یاسایەکیان دەرکرد کە بژاردەی نوێیان بۆ بە تاوانناساندنی قسەکردن و بڵاوکردنەوە خستەڕوو.

لە گواتیمالا دەستگیرکردنی بەناوبانگی خۆسێ ڕوبێن زامۆرا پەیامێکی مەترسیدار بوو بۆ ڕۆژنامەنووسان، بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسانی لێکۆڵینەوە و سەربەخۆ پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو، و هەروەها سەرکوتکردنی بەردەوامی داواکاری گشتی و دادوەر و ڕۆژنامەنووسان کە هەوڵیان داوە دۆسییەکانی گەندەڵی بخەنەڕوو. زامۆرا، دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆمپانیای elPeriodico، ڕووبەڕووی تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، هەڕەشە و بەکارهێنانی پۆست و دەسەڵات دەبێتەوە – تۆمەتەکان وەک تۆڵەسەندنەوە سەیر دەکرێت لە ڕاپۆرتەکانی elPeriodico سەبارەت بە گەندەڵی گوماناوی کە سەرۆک ئەلیخاندرۆ جیاماتی و داواکاری گشتی کۆنسوێلۆ پۆراس تێیدا بەشداربوون. کۆمپانیای elPeriodico لە ١ی کانوونی دووەمدا وازی لە چاپکردن هێنا و گوتی کە دوای “١٢٠ ڕۆژ فشاری سیاسی و ئابووری” ناچار بووە ئەو کارە بکات.

لە نیکاراگوا، هێرش و دەستگیرکردن و هەڕەشەی زیندانیکردن، نزیکەی هەموو ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆی وڵاتەکەیان ناچار کردووە یان هەڵبێن بۆ دەرەوەی وڵات یاخود واز لە کارەکانیان بهێنن؛ دۆخێکی هاوشێوە لە کوباشدا هەیە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا

میسر و سعودیە لە ڕیزبەندی ١٠ زیندانیکەرە سەرەکییەکانی جیهاندا ماونەتەوە کە یەکەمیان ٢١ ڕۆژنامەنوس و دووەمیان ١١ ڕۆژنامەنوسی زیندانی کردووە.

میسر لە ژێر فشاری ئەمریکا و پەرلەمانی ئەوروپادا لەسەر تۆماری مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی ساڵەکەدا هەندێک ڕۆژنامەنووسی ئازادکرد، بەڵام هێشتا بەردەوامە لە دەستبەسەرکردنی هەندێکی دیکە – لەنێویاندا سەرنوسەر ئەحمەد فایز بەهۆی ئەوەی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە کە بەرپرسانی زیندانەکان بە زۆر خۆراک دەدەنە ڕۆژنامەنووس عەلا عەبدولفەتاح بۆ ئەوەی لە مانگرتنە درێژخایەنەکەیدا بە زیندوویی بمێنێتەوە.

هەرچەندە ژمارە و ئامارەکان کەمێک دابەزیوون بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە میسر ٢٥ ڕۆژنامەنووس و سعودیەش ١٤ ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکردبوو، بەڵام هێشتا میدیاکان لە ژێر فشاردان، بۆ نمونە لە سعودیە، هێشتا میدیاکان ڕووبەڕووی کاریگەرییە ترسناکەکانی کوشتنی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی دەبنەوە.

لە قەتەر، هەرچەندە هیچ ڕۆژنامەنووسێک بەهۆی کارەکانیانەوە لە کاتی سەرژمێرییەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) زیندانی نەکرا، بەڵام ڕووماڵکردنی مۆندیالی ئەمساڵ تیشکیان خستە سەر سانسۆر و یاسا میدیاییە توندەکانی ئەو وڵاتە.

ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست

یاسا نوێیە سنووردارەکانی ڕووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی بڵاوکردنەوە لەسەر شەڕەکەی دژی ئۆکرانیا، لەنێویاندا قەدەغەکردنی بە شەڕ ناونانی ململانێکان، میدیا سەربەخۆکانی وڵاتەکەی کپکردووە. دەیان ڕۆژنامەنووسی ڕووسی بە هەڵاتن بۆ دەرەوە خۆیان لە زیندانیکردن ڕزگار کرد. لە کۆی ئەو ١٩ ڕۆژنامەنوسەی کە لەئێستادا لە ڕووسیا دەستبەسەرن، چەند کەسێکیان بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی “هەواڵی ساختە” سزای ١٠ ساڵی زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە.

تاجیکستان شەش ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکردووە، ئەمەش وایکردبوو ببێتە پێشەنگی زیندانیکەران لە ئاسیای ناوەڕاست. دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسانە دوای سەرکوتکردنی دڕندانەی حکومەت هات لە ناوچەی گۆرنۆ-باداخشان، کە بە نهێنی و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا دادگایی کران نەک لە دادگاکاندا، ئەوان سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێندرا و چەند ڕاپۆرتێکیش باس لە ئەشکەنجەدانیان دەکات.

جۆرجیا، وڵاتێکە تا ئەم دواییانە بە پراکتیزە دیموکراسیەکانی ناسراوە، بۆ یەکەمجارە لە سەرژمێرییەکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندا (CPJ) هاتووە، ڕۆژنامەنووسی تەلەفزیۆنی نیکا گڤارامیا لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢دا سزای سێ ساڵ و نیو زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

ئارلین گێتز بەڕێوەبەری نوسینە لە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان (CPJ). ئێستا لە نیویۆرک نیشتەجێیە، ئەو لە ئەفریقا و ئەوروپا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وەک پەیامنێر و سەرنوسەر و بەڕێوەبەری نوسین بۆ ڕۆژنامەی نیوزویک کاری کردووە. پێش ئەوەی پەیوەندی بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسانەوە بکات، نۆ ساڵ لە ئاژانسی ڕۆیتەرز کاری کردووە، لەوێ سەرنووسەری بەشی شرۆڤەی جیهانی بووە.

شێوازی سەرژمێری

سەرژمێری زیندانەکان تەنها ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەگرێتەوە کە لە ژێر دەستی حکومەتدان و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە دیارنەماون یان لەلایەن گروپ و کەسانی نا حکومییەوە بە دیل گیراون. ئەم حاڵەتانە بە “بێسەروشوێن” یان “ڕفێندراو” پۆلێن دەکرێن.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) ڕۆژنامەنووسان بەو کەسانە پێناسە دەکات کە لە هەر میدیایەکدا، لەوانەش چاپکراو، فۆتۆگرافی، ڕادیۆ، تەلەفزیۆن و ئۆنلاین بابەتەکان ڕووماڵ دەکەن یان لێدوان لەسەر کاروباری گشتی دەدەن. لە سەرژمێری ساڵانەی زیندانەکانیدا، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) تەنها ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەگرێتەوە کە پشتڕاستی کردووەتەوە کە بەهۆی کارەکانیانەوە زیندانی کراون.

لیستی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) لیستی ئەو کەسانەیە کە لە کاتژمێر ١٢:٠١ی بەیانی ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ زیندانی کراون. ئەو ڕۆژنامەنووسە زۆرانە ناگرێتەوە کە بە درێژایی ساڵ زیندانی کراون و ئازاد کراون؛ ئەو کەیسانە دەتوانرێت لەم لینکەدا بدۆزرێتەوە http://cpj.org. ڕۆژنامەنووسان لە لیستی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان (CPJ) دەمێننەوە تا ئەو کاتەی ڕێکخراوەکە بە دڵنیایی گونجاوەوە دیاری دەکات کە ئازاد کراون یان لە زینداندا مردوون.

ڕاپۆرتی سەرژمێری لەلایەن بێه لیه یی، ئانا براخا، شۆن کریسپین، دۆجا داود، سۆنالی خوان، ئاسانە دیاگن، یان ئەلبێرت هوتسن، ئایریس هسو، کوناڵ مەجومدەر، شەریف مەنسور، سکۆت مایمبا، ئاتیلا مۆنگ، موتۆکی مومۆ، ڕێناتا نێدەر، ئۆزگور ئۆگرێت ، ئێڤلین ئۆکاکو، ئەنجێلا کوینتال، وەلیولڵا ڕەحمانی، یەگانە ڕەزایان، جەستن شیلاد، جۆناسان ڕۆزن، گوڵنۆزا سەعید، ناتالی ساوسویک، و دانا ڤیلچێز

دەستکاریکردن لەلایەن ئارلین گێتز، جێنیفر دانهام، نائۆمی زێڤلۆف، ئێریک کرۆچ، سارا سپایسەر، مادلین ئیرپ، سۆزانا گۆنزالێس و تۆم بارکلی

[ تێبینی سەرنوسەر: تایبەتمەندی دەستگیرکردنەکان لە ناوچەی گۆرنۆ-باداخشان لە تاجیکستان لە بڕگەی پێش کۆتاییدا ڕاستکراوەتەوە.]

 تێبینی سەرنوسەر: تایبەتمەندی دەستگیرکردنەکان لە ناوچەی گۆرنۆ-باداخشان لە تاجیکستان لە بڕگەی پێش کۆتاییدا ڕاستکراوەتەوە.