Artwork: Jack Forbes
Artwork: Jack Forbes

کیتی سەلامەتیی دیجیتاڵی

دوایین پێداچوونەوە: 2ـی نیسانی 2023

ڕۆژنامەنووسان بەردەوام ڕووبەڕووی کۆمەڵێک هەڕەشە و مەترسیی دیجیتاڵی دەبنەوە، بۆیە زۆر گرنگە خۆیان و سەرچاوەکانیان بپارێزن لەڕێگەی ئاگاداربوون لە نوێترین هەواڵ و زانیاریی ئاسایشیی دیجیتاڵی و هەڕەشەکانی وەک هاککردن، دزەپێکردنی زانیارییەکان و چاودێریکردن. پێویستە ڕۆژنامەنووسان ئەوە بزانن کە ئەوان بەرپرسن لەو زانیارییانەی کە لایانە و هەروەها چی ڕوودەدات ئەگەر بکەوێتە لای کەسێکی نەیار، بۆیە دەبێت چەندین ڕێکار و رێگا بگرنەبەر بۆ پاراستنی هەژمارەکانیان، ئامێرەکانیان، پەیوەندییەکانیان و هەروەها چالاکییە سەرهێڵەکانیان (هەر شتێک کە لەسەر ئینتەرنێت ئەنجامی دەدەیت).

ئەم کیتی سەلامەتیی دیجیتاڵییە وا دانراوە بۆئەوەی ببێتە سەرەتایەکی گشتی بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بەدوای سەلامەتیی دیجیتاڵیدا دەگەڕێن و دەیانەوێت خۆیان و زانیارییەکانیان بپارێزن. ئەگەر بەدوای ئاسایشی زیاتر دەگەڕێیت، تکایە تەماشایبابەتەکانی سەلامەتی بکە، هەروەها باشترە ڕۆژنامەنووسان پێش جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، فۆڕمی هەڵسەنگاندنی مەترسی پڕبکەنەوە.

ناوەڕۆک

زانیارییە سەرهێڵەکانت (داتای ئۆنلاین) بپارێزە

هەژمارەکانت بپارێزە

خۆت لە هێرشی دزەپێکردنی زانیارییەکان بپارێزە

ئاسایشی ئامێرەکان

پەیوەندییە کۆدکراوەکان (ئینکریپت)

بەکارهێنانی ئینتەرنێت بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت

بەزاندنی سنوورەکان

زانیارییە سەرهێڵەکانت (داتای ئۆنلاین) بپارێزە

ڕۆژنامەنووسان بە شێوەیەکی بەردەوام و بەرفراوان لەلایەن تاوانکارانی سەرهێڵەوە (ئۆنلاین) دەکرێنە ئامانج و کون بە کونی ئینتەرنێت دەگەڕێن بەدوای زانیاریی کەسیی ڕۆژنامەنووسان بۆئەوەی بەکاریبهێنن بۆ هەڕەشە و ترساندن و سوکایەتیکردن پێیان. ئامۆژگاری ڕۆژنامەنووسان دەکرێت بە بەردەوامی پێداچوونەوە بە زانیارییە بڵاوکراوەکانیان لەسەر ئینتەرنێت بکەن و هەوڵ بدەن لە هەر شوێنێک کە پێویست نەبێت، بیانسڕنەوە.

بۆ پاراستنی باشتری زانیارییە سەرهێڵەکانت:

لەناو ئینتەرنێتدا بەدوای خۆتدا بگەڕێ

  • هەموو ئامڕاز و بزوێنەرێکی گەڕان لەسەر ئینتەرنێت بەکاربهێنە بۆ دۆزینەوەی زانیارییەکان لەبارەى خۆت وەک ناو، ناونیشان، ژمارە مۆبایل و بەرواری لەدایکبوونت.
  • لەسەر وێبگەڕەکەت (Internet Browser) پەنجەرەی تایبەت یان دۆخی نهێنی (Incognito Mode) بەکاربهێنە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی فراوانتر و باشتر.
  • تەکنیکی گەڕانی پێشکەوتوو بەکاربهێنە  کە بە گەڕانی بوولین (Boolean searches) ناسراوە بۆ وەرگرتنی ئەنجامی وردتر.
  • بگەڕێ بەدوای داتای تایبەت بە ئەندامانی خێزانەکەت بۆئەوەی بزانیت چ جۆرە زانیارییەکیان بەردەستە لە ئینتەرنێتدا.
  • ئەو زانیاریی و داتایانە بنووسە کە دەتەوێت سنووردار یاخود بیانسڕیتەوە.

سڕینەوە و سنووردارکردنی داتا و زانیارییەکان

  • لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا (Social Media) دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکانت سنووردار بکە یاخود بیانسڕەوە، بۆ نمونە وێنەکانت.
  • بە بەردەوامی پێداچوونەوە بە ڕێکخستنەکانی تایبەتمەندی (Privacy Settings) لەسەر هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانت بکەرەوە بۆئەوەی دڵنیابیتەوە کە کامیان بەردەستە بۆ هەمووان (Public).
  • داوا لە هاوڕێ و\یان ئەندامانی خێزانەکەت بکە سەرجەم زانیارییە تایبەتەکانت لەسەر هەژمارەکانیان بسڕنەوە.
  • بەردەوام هاوکاری ئەندامانی خێزانەکەت بکە بۆئەوەی ئەوانیش هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بپارێزن، بۆ نمونە؛ چۆن داتا و زانیارییەکانیان تایبەت (Private) و سنووردار دەکەن.
  • تەماشای ماڵپەڕەکانی ئەرشیفی ئینتەرنێتی وەک Wayback Machine بکە و هەر زانیارییەکی لەبارەى تۆوە تێدا بوو، هەنگاوی پێویست بگرەبەر بۆ سڕینەوەیان.
  • دەتوانیت شوێنی ماڵەکەت لەسەر گووگڵ ماپ و ماڵپەڕەکانی دیکەی نەخشەی جیهانیدا تەڵخ بکەیت.
  • ئەگەر لە ئەوروپا دەژیت، دەتوانیت داوا لە گووگڵ بکەیت کە زانیارییەکانت بسرێتەوە.

چەند هەنگاوێکی دیکە بۆ ئەوەی زیاتر سەلامەت بیت

  • لەسەر ڕۆژمێری مۆبایل و کۆمپیوتەرەکەت وەبیرهێنانەوە دابنێ بۆئەوەی لە ناو بە ناو لە ئینتەرنێتدا بەدوای خۆتدا بگەڕێیت و زانیارییەکانت بدۆزیتەوە.
  • بەردەوام هەژمارەکانت بە تایبەتمەندی دوو ئامڕازی ڕەسەنایەتی (Two-Factor Authentication) و تێپەڕەوشەیەکی (پاسۆرد) درێژ و دەگمەن بپارێزە.

سەرچاوەی زیاتر 

دەتوانیت زانیاریی وردتر و زۆرتر بۆ خۆپارێزی دژی خراپەکاریی سەرهێڵ (Online Abuse) بدۆزیتەوە لەم بەستەرەوە؛سەرچاوەکان بۆ خۆپارێزی دژی خراپەکاریی سەرهێڵ.

بۆ ئەو سەرنووسەرانەی دەیانەوێت ستافەکەیان زیاتر بپارێزن لە خراپەکاریی سەرهێڵ، تکایە تەماشای لیستیسەرنووسەرەکان بکە

هاوپەیمانیی دژی توندوتیژیی سەرهێڵ سەرچاوەیەکی زۆر بەسوودە بۆ وەرگرتنی زانیاری بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت زیاتر بزانن. کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) ئەندامی هاوپەیمانێتییەکەیە کە لە کۆمەڵێک رێکخراوی جیهانی پێکهاتووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی باشتر بۆ ڕۆژنامەنووسانی ژن کە ڕووبەڕووی سوکایەتی، هەراسانکردن و جۆرەکانی دیکەی هێرشی دیجیتاڵی دەبنەوە.

هەژمارەکانت بپارێزە

ڕۆژنامەنووسان ژمارەیەکی زۆر هەژماری سەرهێڵ (ئۆنلاین) بەکاردەهێنن کە زانیاریی کەسی و پیشەیی خۆیان، هاوڕێکانیان، ئەندامانی خێزان و سەرچاوەکانیانی تێدایە. پاراستنی ئەو هەژمارانە و سڕینەوەی زانیارییەکان هاوکارت دەبێت بۆ پاراستنیان.

پێش چوونەناو هەر خزمەتگوزارییەک؛

پێش چوونەناو هەر خزمەتگوزارییەکی سەرهێڵ وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (Social Media)، ئەپەکانی نامەگۆڕینەوە (Messaging Apps) و خزمەتگوزاریی ئیمەیل (Email Services)، چاوێک بە رێسا و یاساکانی ئەو خزمەتگوزارییانە بخشێنە بۆئەوەی بزانیت کێ خاوەنی کۆمپانیاکەیە و لە چ وڵاتێکە، هەروەها ئەوەش بزانیت کە ئاخۆ داتا و زانیارییەکانت چی لێ دەکات، بزانە ئایا ئەو خزمەتگوزارییە خۆت و سەرچاوەکانت دەخاتە مەترسییەوە ئەگەر دزەکردن ڕوویدا یاخود لایەنێک بەگوێرەی یاسا داوای لە کۆمپانیاکە کرد داتا و زانیاریی بەکارهێنەرانی رادەست بکات، ئەمە زۆر گرنگە بە تایبەت ئەگەر خزمەتگوزاریی سەرهێڵ بەکاردەهێنیت بۆ پەیوەندیکردن بە کەسانی دیکە یاخود زەخیرەکردنی داتا و زانیاریی تایبەت بە سەرچاوەکانت وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەپەکانی نامەگۆڕینەوە و خزمەتگوزارییەکانی نووسینەوەی چاوپێکەوتنەکان (Transcribing Services).

بەردەوام چاوبخێشنە بە راپۆرتەکانی شەفافییەت کە کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان ساڵانە بڵاویدەکەنەوە بۆئەوەی بزانیت چۆن و بە چ شێوەیەک وەڵامی حکومەتەکانیان دەدەنەوە کاتێک داوای سڕینەوە یاخود ڕادەستکردنی داتا و زانیارییەکانیان لێ دەکەن.

با ئاگاداری نوێترین گۆڕانکارییەکانی بیت لەبارەى ئەو خزمەتگوزارییانەی تۆ بەکاریان دەهێنیت، ئاگاداری هەر دزەکردنێکی داتا و زانیارییەکان یاخود گۆڕانکاری لە خاوەندارێتی کۆمپانیاکان بە کە ئاماژەیە بۆئەوەی چیتر ئەو خزمەتگوزارییە وەک پێشتر سەلامەت نییە بۆ بەکارهێنان.

هەژمارەکانت (Accounts) پارێزراو بکە

هەرە کاریگەرترین ڕێگا بۆ پاراستنی هەژمارەکانت دژی هاککردن بریتییە لە چالاککردنی دوو ئامڕازی ڕەسەنایەتی (Two-Factor Authentication) کە ئامڕازێکی زیاترە بۆ پاراستنی هەژمارەکان و لەئێستادا زۆربەی خزمەتگوزارییە سەرهێڵەکان هەیانە، ئەو تایبەتمەندییە بۆ هەموو هەژمارەکانت چالاک بکە.

چەند جۆر و شێوازێکی دوو ئامڕازی ڕەسانایەتی هەن و ڕۆژنامەنووسان پێویستە لەجیاتی SMS، یەکێک لە ئەپەکانی وەرگرتنی کۆدی ڕەسەنایەتی دابەزێنن، بۆ نمونە؛ Authy. ئەو ڕۆژنامەنووسانەشی کە مەترسیی هاککردنیان زۆرە پێویستە YubiKey بەکاربهێنن.

هەموو ئەو خزمەتگوزارییە سەرهێڵانەی کە دوو ئامڕازی ڕەسەنایەتییان هەیە کۆدی پاشەکەوتکراو (Backup Codes) پێشکەش دەکەن بۆئەوەی بەکاریبهێنێت بۆ چوونەناوەوەی هەژمارەکانت ئەگەر دەستت بە کۆدی دوو ئامڕازی ڕەسەنایەتی نەگەیشت، ئەو کۆدانە تەنها یەکجار بەکاردێن، واتە لەجیاتی ئەو کۆدە بەکاریان دەهێنیت کە بۆ ژمارە مۆبایلەکەت یاخود ئەپی تایبەت بە دوو ئامڕازی ڕەسەنایەتی دێت. دڵنیابە لەوەی ئەو کۆدانە لە شوێنێکی سەلامەت هەڵبگریت یاخود لەسەر کاغەز چاپیان بکەیت و لە شوێنێکی زۆر سەلامەت دایبنێ، یان لە ڕێکخەری تێپەڕەوشەکان (Password Manager) لەناو وێبگەڕەکانت (Browsers) زەخیرەی بکە.

جگە لە دوو ئامڕازی ڕەسەنایەتی، هەوڵ بدەن تێپەڕەوشەیەکی (Password) درێژ و بەهێز دابنێیت کە لە 16 کارەکتەر زیاتر بێت، پێویستە تێکەڵەیەک بێت لە ژمارە، نیشانە و پیتەکان. هەرگیز لە تێپەڕەوشەکاندا هیچ زانیارییەکی کەسیی خۆت دامەنێ کە بە ئاسانی بدۆزرێنەوە، بۆ نمونە ڕۆژی لەدایکبوون یاخود ناوی هاوسەر و منداڵەکانت.

هەوڵ بدە ڕێکخەری تێپەڕەوشە (Password Manager) لەناو وێبگەڕەکانت بەکاربهێنیت بۆ زەخیرەکردن و رێکخستنی تێپەڕەوشەکانت، بگەڕێ بزانە کام ڕێکخەری تێپەڕەوشە باشتر و سەلامەتترە و بۆ تۆ گونجاوە، تێپەڕەوشەیەکی درێژ و دەگمەن بۆ ڕێکخەری تێپەڕەوشەکەت دابنێ. 

ناوەڕۆکی ناو هەژمارەکانت رێکبخە

  • بزانە چ جۆرە زانیارییەک لەناو هەر هەژمارێکدا زەخیرەکراوە، و هەروەها دەرئەنجامەکان چی دەبن بۆ خۆت، خێزانەکەت یاخود سەرچاوەکانت ئەگەر هەژمارەکەت هاککرا.
  • ژیان پیشەیی و تایبەتی خۆت لەسەر ئینتەرنێت جیابکەرەوە و مەهێڵە زانیارییە پیشەیی و کەسییەکانت لە یەک هەژماردا بن، ئەوە هاوکار دەبێت بۆ پاراستنی یەکێک لەو دوو جۆرە زانیاریانە ئەگەر ئەوی دیکەیان هاککرا.
  • بەردەوام پێداچوونەوە بە رێکخستنی تایبەتمەندییەکان (Privacy Settings) بکە و بزانە کام زانیارییەت گشتییە و هەمووان دەتوانن بیبینن، بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەموو ئەو زانیاریی و داتایانە بسڕەوە یاخود بشارەوە کە ناتەوێت کەس بیبینێت.
  • هەمیشە کۆپییەکی پاشەکەوتکراوی ئەو زانیارییانە هەڵبگرە کە هەستیارن یاخود ناتەوێت گشتی (Public) بێ، بۆ نمونە نامە و ئیمەیلە تایبەتەکانت، و پاشان هەمووی لەناو هەژمارەکەت یاخود ئامێرەکانت بسڕەوە. هەندێک بەرنامە و خزمەتگوزاری هەن کە هاوکاریت دەکەن زانیاری و داتاکان کۆدکراو بکەیت و لە شوێنێکی دیکە زەخیرەی بکەیت. هەروەها ئامۆژگاری ڕۆژنامەنووسان دەکرێت هاردە دەرەکییەکانیان (External Hard Drives) کۆدبکەن.
  • هەموو ئەو هەژمارانە بسڕەوە کە چیتر بەکاریان ناهێنیت، بەڵام بیرت نەچێت کۆپییەک لە زانیارییەکانی ناویان زەخیرە بکە. لەپێش سڕینەوەی هەژمارەکەش، دڵنیابە لەوەی هەموو زانیارییەکانی ناوی دەسڕیتەوە.
  • بزانە ئایا هیچ کام لە هەژمارەکانت تووشی ڕووداوێکی ئاسایشی بوون یان نا لەڕێگەی تەماشاکردنیان لەسەر ماڵپەڕی have i been pwned کە بەخۆڕاییە و بە وردی دەیپشکنێت. ئەگەر بۆت دەرکەوت هەژمارەکەت تووشی دزەکردن بووەتەوە، ئەوا پێویستە دەستبەجێ بچیتە ناو هەژمارەکەت و تێپەڕەوشەکەی بگۆڕیت، خۆ ئەگەرچیتر ناتەوێت ئەو هەژمارە بەکاربهێنیت، ئەوا پێویستە پێش سڕینەوەی هەژمارەکە، هەموو ناوەڕۆکەکەی بسڕیتەوە.
  • تێپەڕەوشەیەکی درێژ دابنێ کە لە 16 کارەکتەر کەمتر نەبێت و دەبێت تێکەڵەیەک بن لە ژمارە، هێما و پیتەکان. هەرگیز لە تێپەڕەوشەکاندا هیچ زانیارییەکی کەسیی خۆت دامەنێ کە بە ئاسانی بدۆزرێنەوە، وەک ڕۆژی لەدایکبوون و ناوی هاوسەر و منداڵەکانت. هەوڵ بدە رێکخەری تێپەڕەوشە (Password Manager) لەناو وێبگەڕەکانت بەکاربهێنیت بۆ زەخیرەکردن و رێکخستنی تێپەڕەوشەکانت، بگەڕێ بزانە کام ڕێکخەری تێپەڕەوشە باشتر و سەلامەتترە و بۆ تۆ گونجاوە، تێپەڕەوشەیەکی درێژ و دەگمەن بۆ ڕێکخەری تێپەڕەوشەکەت دابنێ. 
  • ئەگەر تۆ مەترسیی دەستگیرکردنت لەسەرە یاخود نیگەرانیت لەبارەى دەستبەسەرداگرتنی ئامێرەکانت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، هەموو جارێک لە هەژمارەکانت بچۆ دەرەوە و دڵنیابە لەوەی مێژووی وێبگەڕەکانت (Browsing History) بسڕیتەوە.
  • بە بەردەوامی پێداچوونەوەی بە بەشی چالاکیی هەژمارەکانت (Account Activity) بکە، بە گشتی ئەم بەشە لە بەشی رێکخستنەکان (Settings) دەدۆزرێتەوە، لەم بەشەدا دەتوانیت ئەو ئامێرانە ببینیت کە هی تۆ نین و نایانناسیت و چوونەتە ناو هەژمارەکانت. ئەگەر هەر ئامێرێکت بینی کە هەژمارەکەتی تێدا کراوەتەوە و تۆش نایناسیت، دەستبەجێ هەژمارەکەتی لێ دەربکە و تێپەڕەوشەکەی بگۆڕە، هەوڵ بدە وێنەیەکی شاشەکەت (سکرین شۆت) بگریت بۆئەوەی لات بمێنێتەوە.
  • هەرگیز هەژمارەکانت لەسەر کۆمپیوتەری گشتی وەک کافتریا و سەنتەرەکانی ئینتەرنێت مەکەرەوە، ئەگەریش ناچار بوویت، لەدوای تەواوبوونی کارەکەت، لە هەموو هەژمارەکانت دەربچۆ و مێژووی وێبگەڕەکەت بسڕەوە.

خۆت لە هێرشی دزەپێکردنی زانیارییەکان بپارێزە

بەهۆی ئەوەی زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان کەسایەتییەکی گشتییان هەیە، زۆرجار ژمارە و ناونیشانەکانیان بڵاودەکەنەوە بۆئەوەی لە خەڵکەوە زانیاری و بابەت وەرگرن تاوەکو ئیشی لەسەر بکەن، ئەمەش مەترسی خۆیی هەیە، چونکە دەزگا و لایەنە نەیارەکان بە بەردەوامی لەو رێگەیەوە هەوڵ دەدەن دزەبکەنە ناو ئامێر و داتاکانی ڕۆژنامەنووسان بۆئەوەی زانیارییەکانی ئەوان، یاخود هاوکار و ئەندامانی خێزانەکانیان بە ئامانج بگرن لەڕێگەی هێرشی دزەپێکردنی زانیارییەکان (Phishing Attacks)، جا لە ڕێگەی ئیمەیلێکی ساختەوە بێت یاخود نامەی مۆبایل (SMS) و نامەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆئەوەی بگەنە زانیاریی تایبەت و هەستیاری کەسی بەئامانجکراو، یاخود هەندێکجار بەستەرێک (Link) دەنێرن کە بە کرتەکردن (کلیک) یاخود داونلۆدکردنی فایلێک، چەند بەرنامەیەکی زیانبەخش و سیخوڕی (Malware and Spyware) لەسەر ئامێرەکەت دادەبەزێت، چەندین جۆر بەرنامەی زیانبەخش و سیخوڕی هەن کە هەندێکیان زۆر ئاڵۆزن، بەڵام جۆرە پێشکەوتووەکانیان رێگە بۆ کەسی هێرشکار دەدات لە دوورەوە و بە سەرهێڵ (ئۆنلاین) بچێتە ناو ئامێرەکەت و هەموو ناوەڕۆکەکەی ببینێت و دزەیان پێ بکات.

بۆ خۆپاراستن لە هێرشی دزەپێکردنی زانیاری :(Phishing Attacks)

  • لێکۆڵینەوە لە توانا تەکنەلۆجییەکانی کەس و دەزگا نەیارەکانت بکە بۆئەوەی لە ئاستی هەڕەشە و تواناکانیان تێبگەیت کە ئاخۆ ئەگەری هەیە تۆ یاخود هاوکارەکانت بکەنە ئامانج.
  • هەمیشە ئاگاداری ئەو نامانە بە کە هانت دەدەن بە بەپەلە کارێک بکەیت یاخود وا دەردەکەوێت کە شتێکی بەنرخت بۆ دەرچووەو بە شێوەیەکیش دروستکراوە کە زۆر لە ڕاستی دەچێت، بە تایبەت ئەگەر کرتەکردنی (کلیککردن) لەسەر بەستەرێک (لینکێک) یان دابەزاندنی هاوپێچێک (فایلێک) لەخۆبگرێت.
  • هەمیشە لە وردەکاریی و زانیارییەکانی هەژماری نێرەر بکۆڵەرەوە و بە وردی و وریاییەوە ناوەڕۆکی نامەکان بخوێنەرەوە بۆئەوەی بزانیت ئاسایی و یاساییە. بچووکترین گۆڕانکاری لە ڕێنووس، ڕێزمان، شێواز، یان تۆن لەوانەیە ئاماژەیەکی ڕوون بێت کە هەژمارەکە ساختەیە یاخود هاککراوە.
  • ئەگەر هەرشتێکی نائاسایی و گوماناویت لەناو نامە و ناوەڕۆکەکاندا بینی، بە جێگرەوەیەکی دیکە پەیوەندی بە نێرەرەکەوە بکە بۆئەوەی دڵنیا بیتەوە، بۆ نمونە تەلەفۆنی بۆ بکە و قسەی لەگەڵ بکە بزانە خۆیەتی.
  • لەپێش کرتەکردن لەسەر هەر بەستەرێک بە باشی بیربکەرەوە، تەنانەت ئەگەر نامەکەش لە کەسێکەوە بوو کە دەیناسیت، ماوسەکەت لەسەر بەستەرەکە رابگرە بۆئەوەی ناونیشانەکەی (URL)ـەکەی دەربکەوێت بۆئەوەی بزانیت ئاخۆ ئاسایی و یاساییە.
  • پێداچوونەوە بکە بە هەر هاوپێچێک (Attachment) کە لەڕێگەی ئیمەیلەوە پێت دەگات، چونکە ئەگەر بەرنامەی زیانبەخش و سیخوڕی تێدا بوو، ئەوە تەها بە داگرتنی (داونلۆد) دادەبەزێتە ناو ئامێرەکەت، بۆیە ئەگەر گومانت هەبوو، داوا لە نێرەرەکە بکە ناوەڕۆکەکەی لە ئیمەیلەکەدا دابنێت نەک بە هاوپێچکردن بینێرێت، یاخود لەجیاتی داگرتنی (داونلۆد)، وێنەی شاشەیی (Screenshot) هاوپێچەکە بگرێت و لە ئیمەیلەکەت دایبنێت.
  • ئاگاداری ئەو بەستەرانە (لینک) یان بەڵگەنامانە بن کە لە ڕێگەی گرووپ چاتەوە دەنێردرێت، چونکە ئەو گرووپ چاتانەی کە ژمارەیەکی زۆر کەسیان تێدایە لەوانەیە لەلایەن دەسەڵاتداران یاخود گروپە تاوانکارییەکانەوە بەکاربهێنرێن کە دەیانەوێت بەشداربووانی بکەنە ئامانج.
  • ئەگەر دەکرێت و دەگونجێت، وەشاندنی دێسکتۆپی بەرنامە و ئەپەکان بەکاربهێنە بۆ تەماشاکردنی نامە و بەستەرەکانت، چونکە شاشەکە گەورەتر و یارمەتیت دەدات بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو نامە و فایلانەی وەریدەگریت.
  • هەر بەستەر و فایلێک کە گومانت لێی هەیە، باری بکە (ئەپلۆد) بۆ ناو ماڵپەڕی ڤایرۆس تۆتاڵ کە خزمەتگوزارییەکی بێبەرامبەرە و پشکنینیان بۆ دەکات بۆئەوەی بزانیت بەرنامەی زیانبەخشی تێدایە یاخود نا.
  • نوێکردنەوەی خودکارانە (Automatic Updates) بۆ هەموو بەرنامەکانی ناو ئامێرەکانت چالاک بکە، ئەمە هەموو درز و کەلێنەکان چارەسەردەکات کە بەرنامە زیانبەخش و سیخوڕییەکان بەکاریدەهێنن بۆئەوەی دزەبکەنە ناو ئامێرەکانت.
  • دڵنیابە لەوەی کە دوو ئامڕازی ڕەسەنایەتی لەسەر هەموو هەژمارەکانت چالاک بکەیت، چونکە تەنانەت ئەگەر تێپەڕەوشەکانیشت دزران، کەسی هێرشکار بە زەحمەت دەتوانێت بچێتەناو هەژمارەکانت.
  • لە کاتی هەڵبژاردن و خۆپیشاندان و نائارامییەکاندا زیاتر ئاگاداری هەوڵ و هێرشی دزەپێکردنی زانیارییەکان بە، یان کاتێک کە هاوکارێکت یاخود چالاکێکی مەدەن بە ئامانج دەگیرێت.

ئاسایشی ئامێرەکان

ڕۆژنامەنووسان ژمارەیەکی زۆر ئامێر بەکاردەهێنن بۆ بەرهەمهێنان و زەخیرەکردنی ناوەڕۆک و داتا و زانیارییەکانیان، هەروەها بۆ پەیوەندیکردنی بە سەرچاوەکانیانەوە، بە تایبەت فریلانسەرەکان کە لە ماڵەوە و لەسەر کاریش هەمان ئەو ئامێرانە بەکاردەهێنن، ئەوەش بڕێکی زۆر داتا و زانیاری دەخاتە مەترسییەوە ئەگەر ونکرا، دزرا یاخود بە زۆر بردرا، بۆیە پێویستە تێپەڕەوشە و کۆدی نهێنی بۆ هاردی کۆمپیوتەرەکان، مۆبایلەکەت، تابلێتەکە، یاخود هاردی دەرەکی دابنێت بە تایبەت کاتێک گەشت دەکەیت بۆ شوێنێک یاخود وڵاتێکی دیکە بۆئەوەی دڵنیابیتەوە کە هیچ کەسێک ناتوانێت بەبێ هەبوونی تێپەڕەوشە زانیارییەکانی ناویان ببینێت.

:بۆ پاراستنی ئامێرەکانت

  • ئامێرەکانت بە تێپەڕەوشە یاخود کۆدی نهێنی قفڵ بکە، تێپەڕەوشە و کۆدی نهێنیی درێژتر و ئاڵۆزتر هەوڵی کردنەوەی لەلایەن کەسانی دیکەوە سەختتر دەکات.
  • هەمیشە سیستەمی بەگەڕخەری لاپتۆپ و کۆمپیوتەرەکانت، جا ویندۆز بێت یاخود ماک، نوێ (Update) بکەرەوە، هەروەها ئەپ و وێبگەڕەکانت نوێ بکەرەوە کاتێک داوای لێدەکرێت، چونکە نەرمەکاڵا (Softwareٍs) کۆنەکان کەلێن و درزی زۆریان تێدایە کە بەکاردەهێنرێت بۆ چاندنی بەرنامەی زیانبەخش و سیخوڕی لەناو ئامێرەکانت، ئەمە زۆر گرنگترە ئەگەر هەست دەکەیت بە بەرنامەیەکی زیانبەخش و سیخوڕیی ئاڵۆز و پێشکەوتووەوە دەکرێیتە ئامانج.
  • چاوێک بەو داتا و فایلانە بخشێنەوە کە لەناو ئامێرەکانتدا زەخیرەتکردوون بۆئەوەی بزانیت کامیان خۆت یاخود کەسانی دیکە دەخاتە مەترسییەوە.
  • بە بەردەوامی پاشەکەوت (Backup)ی ئامێرەکانت بکە بۆ پاراستنیان لەکاتی لەناوچوون، ونبوون، یان دزران. کۆپییە پاشەکەوتکراوەکان بە شێوەیەکی پارێزراو هەڵبگرە، دوور لە شوێنی کارکردنی ئاسایی خۆت.
  • بە بەردەوامی زانیارییە هەستیارەکانت بسڕەوە بە نامەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە، هەروەها بۆئەوەی نەیارەکانت نەتوانن فایلە سڕاوەکانت بگەڕێننەوە، بەرنامەیەکی تایبەت بە سڕینەوەی فایل و یاخود فۆرماتکردنی ئامێرەکان بەکاربهێنە ئەگەر بەردەست بوو؛ ئەگەرنا ئامێرەکەت فۆرمات بکە و بۆ مەبەستێکی دیکەی جیاواز لە کارەکەی خۆت بەکاربهێنە بۆئەوەی فایل و داتای دیکەی لەسەر زەخیرەبکرێت (دڵنیابە لەوەی پێش فۆرماتکردنی ئامێرەکانت، پاشەکەوتیان (Backup) بکە بۆئەوەی فایلەکانت تیانەچن).
  • هەرگیز بەبێ بوونی کامێرا و ئامڕازی چاودێری، ئامێرەکانت لە شوێنی گشتی بەجێمەهێڵە، تەنانەت بۆ بارگاویکردنەوەش (شەحنکردنەوە)، چونکە دەکرێت بدزرێن یاخود دەستکاری بکرێن.
  • هەرگیز ئەو فلاش میمیۆریانە بەکارمەهێنە کە لە بۆنەکاندا پێت دەدرێت بە خۆڕایی، چونکە دەکرێت بەرنامەی زیانبەخش و سیخوڕییان لەسەر دابەزێنرابێت و کۆمپیوتەرەکەت تووش بکات، پاشان لەلایەن کەسانی دیکەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
  • ئاگاداربە لەوانەیە ئامێرەکەت بە شێوەیەکی خودکارانە داتا و زانیارییەکانت لەسەر ھەژماری هەوری (Cloud Account) ناو مۆبایلەکەت زەخیرەبکات کە دەکرێت سەلامەت نەبن و کۆد نەکرابن. لە رێکخستنی (Settings) مۆبایل و ئامێرەکانت دەتوانیت پاشەکەوتکردنی خودکارانە (Automatic Backup) ناچالابکەیت.
  • ئامێرەکانت بە شێوەیەک رێکبخە کە بتوانیت لە دوورەوە و بە سەرهێڵ (ئۆنلاین) بتوانیت داتا و زانیارییەکانی بسڕیتەوە ئەگەر دزران، پێویستە ئەم تایبەتمەندییە پێشوەختە رێکبخرێت و زانیارییەکان تەنها کاتێک دەسڕێنەوە کە ئامێرەکە پەیوەست بکرێت بە ئینتەرنێتەوە.
  • ئەگەریش مەترسی زۆرە کە ڕووبەڕووی بەرنامەی زیانبەخش و سیخوڕیی ئاڵۆز ببیتەوە و ئایفۆن بەکاردەهێنێت، بە مەرجێک سیستەمەکەی لە IOS 16 بەرەوسەرتر بێت، دەتوانیت دۆخی داخستن (Lockdown Mode) چالاک بکەیت.
  • هەمیشە ئامێرەکان لە بریکارێکی متمانەپێکراو بکڕە.

:بۆ کۆدکردنی ئامێرەکەت

  • مۆبایلە زیرەکە نوێیەکان تایبەتمەندیی کۆدکردنیان تێدایە، تەنها بڕۆ ڕێکخستن و چالاکی بکە.
  • ئامڕازی Bitlocker بەکاربهێنە بۆ کۆدکردنی هەموو درایڤەکانت لەسەر سیستەمی بەگەڕخەری ویندۆز، هەروەها Firevault لەسەر سیستەمی ماک، یاخود بەرنامەی بێبەرامبەری Veracrypt بۆ کۆدکردنی هاردی دەرەکی.
  • تێپەڕەوشەیەکی درێژ و دەگمەن دابنێ بۆ کۆدکردنی ئامێرەکان، بە تایبەت لەسەر مۆبایلەکەت.
  • ئەوە بزانە کە ئەگەر نەیارەکانت تێپەڕەوشەکەت بزانن یاخود زۆرت لێبکەن بۆ کردنەوەی کۆدەکەی، ئەوە دەتوانن دەستیان بە هەموو زانیارییەکانی ناو ئامێرەکان دەگات.
  • بگەڕێ بزانە لەو وڵاتەی تۆی لێ دەژیت یاخود گەشتی بۆ دەکەیت، کۆدکردن یاساییە یاخود نا.

پەیوەندییە کۆدکراوەکان

ڕۆژنامەنووسان دەتوانن بە شێوەیەکی پارێزراوتر و سەلامەتتر پەیوەندی لەگەڵ سەرچاوەکان بگرن بە بەکارهێنانی ئەپی نامەگۆڕینەوەی کۆدکراو یان بەرنامەکانی کۆدکردنی ئیمەیڵ بۆ ئەوەی تەنها وەرگرەکە بتوانێت بیخوێنێتەوە، بە دڵنیاییەوە هەندێک ئامراز ئاسانترە بۆ بەکارهێنان لە هەندێکی تر. کۆدکردن ناوەڕۆکی نامەکانت دەپارێزێت، بەڵام هێشتا کۆمپانیاکانی خاوەن ئەو ئەپ و بەرنامانە، دەتوانن بەشێک لە زانیارییەکانی ببینن، بۆ نمونە، کەی نامەکەت ناردووە، کێ وەریگرتووە و چەند وردەکارییەکی دیکە. کۆمپانیاکان سیاسەتی جیاوازیان هەیە سەبارەت بەو داتا و زانیارییانە کە کۆدی دەکەن، گرنگە بزانیت ئایا ئەم داتایانە چۆن هەڵدەگرن یاخود چۆن وەڵامی بەرپرسان دەدەنەوە کاتێکیان داوای ڕادەستکردنی داتاکانیان لێ دەکرێت.

ئەپەکانی نامەگۆڕینەوەی پێشنیازکراو لەلایەن کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانەوە تایبەتمەندیی کۆدکردنیان هەیە، واتە هەموو زانیارییەکان هەر لەکاتی ناردنی لەلایەن نێرەرەوە تاوەکو وەرگرتنی لەلایەن وەرگرەوە کۆدکراوە. هەردوو لایەن، نێرەر و وەرگر، دەبێت لەسەر ئەو ئەپە هەژماریان هەبێت، بەڵام هەر کەسێک کە دەستی بە ئامێرەکە دەگات یاخود تێپەڕەوشەی یەکێک لەو دوو هەژمارەی لایە، دەتوانێت دەستی بە ناوەڕۆکەکەی بگات. ئەپەکانی نامەگۆڕینەوە پێشنیازکراو کۆدکردنی کۆتا بە کۆتایان پێشکەش دەکەن، واتە زانیارییەکان کۆد دەکرێن کاتێک لە نێرەرەوە دەنێردرێت بۆ وەرگرەکە. نموونەی ئەو ئەپانەی نامەگۆڕینەوە کە تایبەتمەندی کۆدکردنی کۆتا بە کۆتایان هەیە پێشوەختە چالاککراوە، وەک سیگناڵ، واتسئەپ، بەڵام ئەوانی دیکە لەوانەیە پێویست بکات خۆت لە بەشی ڕێکخستنەکان چالاکی بکەیت.

ئیمەیڵی کۆدکراویش ڕێگەیەکی دیکەی پارێزراوە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ سەرچاوەکانت یاخود کەسانی دیکە، پێویستە هەردوو لایەن بەرنامەی تایبەت دابەزێنن بۆ ناردن یاخود وەرگرتنی ئیمەیڵی کۆدکراو.

:بۆ بەکارهێنانی ئەپی نامەگۆڕینەوەی کۆدکراو

  • بگەڕێ و بزانە کێ یاخود چ کۆمپانیایەک خاوەنی ئەپەکەیە، چ داتایەکی بەکارهێنەران دەهێڵنەوە، یان ئایا ئەو داتایانە لەلایەن حکومەتەوە بەکاردەهێنرێن یاخود نا. بزانە سیاسەت و وەڵامی کۆمپانیاکان چییە بۆ داواکاریی حکومەت و لایەنەکانی دیکە بۆ هاوبەشیپێکردنی داتای بەکارهێنەران. کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان ساڵانە ڕاپۆرتی شەفافیەتیان هەیە کە داواکارییەکانی حکومەتی تێدایە بۆ لابردن یان هاوبەشکردنی داتاکان.
  • ئەپەکان بە پاسکۆد (Passcode) قفڵ بکە بۆئەوەی زیاتر پارێزراو بێت ئەگەر کەسێک دەستی بە مۆبایلەکەت گەیشتن و ویستی بچێتە ناوی ئەپەکانەوە.
  • هەندێک لە ئەپەکان، لەوانە سیگناڵ و واتسئەپ، ئامڕازێکی ئاسایشیی زیادە دابین دەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لەگەڵ کێ چات دەکەیت و ڕێگری لە کەسێک دەکات کە لە ئامێرێکی دیکەوە خۆی وەک یەکێک لە فرێندەکانت نیشان بدات. لە ڕێکخستنەکانی ئەپەکەدا بەدوای بژاردەی پشتڕاستکردنەوەی ژمارەی سەلامەتی یان کۆدی ئاسایشدا بگەڕێ.
  • بزانە ئەپەکانی نامەگۆڕینەوە زانیارییەکانت لەکوێی مۆبایلەکەدا زەخیرە دەکات، وەک وێنە و دۆکیومێنتەکانت.
  • هەر شتێک داونلۆدی دەکەیت، وەک وێنە و ڤیدیۆ، لە ئامێرەکەتدا هەڵدەگیرێت و لەوانەیە کۆپی بکرێت بۆ ئامێر و ئەپەکانی دیکە، بەتایبەتی کاتێک کە پاشەکەوتی (Backup) داتاکانت دەکەیت.
  • هەندێک خزمەتگوزاری وەک واتسئەپ پاشەکەوتی ناوەڕۆکی نامەکانت دەکات بۆ ئەو هەورە هەژمارەی (Cloud Account) کە بەستراوەتەوە بە ژمارە تەلەفۆنەکەتەوە، دەتوانیت لە بەشی ڕێکخستنەکانی ئەپەکەدا بە کۆد قفڵی ئەو پاشەکەوتانە بکەیت، تێپەڕەوشەی درێژ و دەگمەن بۆ ئەو فایلی پاشەکەوتە دانبێ. ئەگەریش ناتەوێت پاشەکەوت بکرێت، دەتوانیت ئەم تایبەتمەندییە لە بەشی ڕێکخستنەکاندا ناچالاک بکەیت. ئاگاداربە ئەگەر ئەپەکە لەسەر مۆبایلەکەت لاببەیت و دواتر دایبەزێنیتەوە، ئەوە هەموو ئەو ناوەڕۆکە لەدەست دەدەیت کە لەناو ئەپەکەدا هەڵگیراون، بە نامەکانیشەوە. بەکارهێنەرانی سیستەمی ئای ئۆ ئێس (ئایفۆن) ئاگاداربن کە مێژووی پەیوەندییەکانتان لە ئەپی سیگناڵ دەچێتە ناو ئایکڵاود (ICloud)، دەتوانیت ئەمە لە ڕێکخستنەکانی ئەپەکەدا ناچالاک بکەیت ئەگەر ناتەوێت.
  • ئەو ژمارە تەلەفۆنانەی لەناو مۆبایلەکەتدا زەخیرەکراون کۆپی دەبن بۆ ناو ئەپەکانی نامەگۆڕینەوە و هەورە هەژمارەکان، بۆیە هەرکاتێک ژمارە تەلەفۆنێک دەسڕیتەوە، مەرج نییە لە هەموو شوێنی مۆبایلەکەت سڕابێتەوە.
  • بە بەردەوامی نامەکانت بسڕەوە یاخود پاشەکەوتی بکە بۆئەوەی کەمترین نامەت لەناو ئامێرێک یاخود هەورە هەژمارێک هەبێت. کاتێک دابنێ بۆ پێداچوونەوە بە ناوەڕۆک و فایلەکانت، بەتایبەت فایلی نوسین و دەنگ و ڤیدیۆکانت، هەمووی لەناو هاردێکی دەرەکی زەخیرە بکە. ئاگاداربە لەوانەیە ئەم نامانە لە هەژماری واتسئەپی ئەو کەسەدا هەبن کە بۆت ناردوون.
  • تایبەتمەندیی دیارنەمانی نامە (Disappearing message) لە سیگناڵ و واتسئەپ ڕێگەت پێدەدات وادەیەک دیاریبکەیت بۆئەوەی نامەکان بە شێوەیەکی خودکارانە بسڕێنەوە، ئەم تایبەتمەندییە چالاک بکە ئەگەر دەترسیت مۆبایلەکەت ببرێت یاخود خەڵکی دیکە دەستی بە نامەکانت بگات.
  • هەردوو ئەپی سیگناڵ و واتسئەپ تایبەتمەنییان تێدایە بۆئەوەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە دەینێریت بسڕێنەوە دوای ئەوەی کەسی وەرگر بینییان، لەوانەیە گرنگ بێت ئەم تایبەتمەندییە بەکاربهێنیت ئەگەر ناوەڕۆکی هەستیار و گرنگ دەنێریت.
  • سیگناڵ و واتسئەپ هەروەها تایبەتمەندی کۆدکردنی تەواوەتییان بۆ پەیوەندییە ڤیدیۆییەکان هەیە.

:بۆ بەکارهێنانی ئیمەیڵی کۆدکراو

  • یارمەتی لە کەسێکی متمانەپێکراو وەربگرە کە شارەزای تەکنەلۆجیایە، چونکە رێکخستنی ئیمەیڵی کۆدکراو ئاسان نییە ئەگەر تازە بیت تێیدا.
  • بەرنامەیەکی بەناوبانگی کۆدکردنی ئیمەیل بەکاربهێنە کە بەکارهێنەرەکانی لێی رازی بن، هەمیشە بەرنامەکە نوێ (ئەپدەیت) بکەرەوە بۆ داخستنی کەلێن و کێشەکان.
  • کاتێکی باش دابنێ بۆئەوەی تێپەڕەوشەیەکی درێژ و دەگمەن دابنێیت بۆ بەرنامەی کۆدکردنی ئیمەلەکە، ئەگەر لەبیرت بچێتەوە، ئەوە دەستت ناگات بە ئیمەیلە کۆدکراوەکان.
  • ناو بە ناو ئیمەیلی کۆدکراو بنێرە بۆئەوەی شێوازی بەکارهێنانیت لەبیر نەچێتەوە.
  • زانیارییەکان لەبارەى ئیمەیلەکە، واتە ناونیشان، ناونیشانی نێرەر و وەرگر کۆدکراو نابن و لەلایەن کۆمپانیای خاوەنی بەرنامەکەوە دەبینرێن.

بەکارهێنانی ئینتەرنێت بە شێوەیەکی پارێزراوتر

ڕۆژنامەنووسان پشت بە ئینتەرنێت دەبەستن بۆ وەرگرتنی زانیاریی و لێکۆڵینەوە، ئەوەش خۆیان و سەرچاوەکانیان دەخاتە مەترسییەوە ئەگەر چەند رێکارێکی پێویست نەگرنەبەر بۆ پاراستنیان. دابینکەرانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت، حکومەتەکان، تاوانباران هەوڵی کۆکردنەوەی زۆرترین زانیاریی و داتای بەکارهێنەران دەدەن بۆئەوەی بەکاریبهێنن لە کاتی بەئامانجگرتنیان، بە تایبەت دروستکردنی دۆسیەی یاسایی لە دژیان.

:بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت بە شێوەیەکی پارێزراوتر

  • بزانە کێ خاوەندارێتی کۆمپانیای دابینکەری ئینتەرنێتەکەت دەکات و ئەرکە یاساییەکانی چین سەبارەت بە پێدانی زانیارییەکانتان بە حکومەت، بە زانیارییەکانی خۆشتەوە، سەیر بکە بزانە چ داتایەکی و بۆ چ ماوەیەک زانیارییەکانی تۆ هەڵدەگرن.
  • لەڕێگەی بەکارهێنانی تۆڕی تایبەتی مەجازی (ڤی پی ئێن – VPN)، مێژووی گەڕانەکانت (سێرچ) لە کۆمپانیای دابینکەری ئینتەرنێت بشارەوە، بەڵام ئەوە بزانە کە کۆمپانیاکە دەزانێت تۆ ڤی پی ئێن بەکاردەهێنیت، بۆیە رەنگە کێشەت بۆ دروست بکات ئەگەر بەکارهێنانی ئەو ئامڕازە نایاسایی بێت لە وڵاتەکەتدا. دڵنیابە لەوەی ڤی پی ئێنەکە مێژووی گەڕانەکانت تۆمار ناکات چونکە دەتوانێت لەگەڵ حکومەت و لایەنەکانی دیکە بەشی بکات. ڤی پی ئێنی وڵاتێکی دیکە بەکاربهێنە چونکە ئەوە سەختتر دەبێت بۆ حکومەتەکەت بۆئەوەی داتای لێ وەربگرێت.
  • ئێستا زۆربەی ماڵپەڕەکان کۆدکراون، واتە هەرچەندە خەڵک بتوانن ئەوە ببینن کە تۆ سەردانی چ ماڵپەڕێک دەکەیت و چ خزمەتگوزارییەکی سەرهێڵ بەکاردەهێنیت، بەڵام ناتوانن ناوەڕۆکی ئەو لاپەڕەیە ببینن کە سەردانت کردووە. لە سەرەتای هەر بەستەرێکدا بگەڕێ بەدوای https و ئایکۆنی قوفڵەکەدا کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ترافیکی نێوان تۆ و ماڵپەڕەکە کۆدکراوە. DuckDuckGo Smarter Encryption ئامرازێکە کە دڵنیایی باشتر دەدات لەوەی ئەو ماڵپەڕەی سەردانی دەکەیت کۆدکراون.
  • کاتێک تۆ سەردانی هەر ماڵپەڕێک دەکەیت، ئەوە زانیاریت لەسەر کۆدەکاتەوە، بۆ نمونە ناونيشانی ئای پییەکەت (IP) کە دەتوانێت شوێنی تەواوەتیت، زانیاریی لەسەر ئامێرەکانت و سیستەمەکانی، هەروەها کاتی شوێنەکەت ئاشکرا بکات.
  • بەرنامەیەکی ئاد بلۆکەر (Ad-blocker) بەکاربهێنە بۆ خۆپاراستن لە بەرنامەی زیانبەخش و سیخوڕییەکان کە زۆرجار لەناو ڕێکلامەکاندا شاراوەتەوە، ئاد بلۆگەر هاوکاریت دەکات سایتەکەت لە بلۆککردن بپارێزیت، بە سایتی دەزگا میدیاییەکەشتەوە.
  • Privacy Badger دابەزێنە بۆئەوەی رێگە لە ماڵپەڕ و ڕێکلامکەران بگرێت کە زانیاریی لەسەر ئەو سایتانە کۆبکاتەوە کە تۆ سەردانیان دەکەیت.
  • هەوڵ بدە ئەپی خۆڕایی Tor Browser Bundle بەکاربهێنیت بۆ گەڕان لە ئینتەرنێت بە شێوەی نادیار (Anonymous)، یاخود Tails بەکاربهێنە کە سیستەمێکی کارپێکردنی بێبەرامبەرە و هەموو ترافیکی ئینتەرنێتەکەت لە ڕێگەی Torـەوە دەگوازێتەوە. Tor بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانە باشە کە راپۆرت و لێکۆڵینەوە لە بابەتگەلی هەستیاری وەک گەندەڵی بەرپرسانی باڵای حکومەت دەکەن لە وڵاتێک کە توانای تەکنەلۆجی حکومەتەکەی بەهێزە. لێکۆڵینەوە بکە بزانە بەکارهێنانی Tor لە وڵاتەکەی تۆ یاساییە یاخود نا.
  • حکومەتەکان، تاوانباران و کەسانی دیکە دەتوانن ماڵپەڕی ساختە دروست بکەن کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە کەسییەکانت، وەک تێپەڕەوشە و زانیارییەکانی کارتی بانکیت، دڵنیابە کە ناونیشانی ماڵپەڕەکە ڕاست و ڕەسەنە؛ پێویستە URLـەکە بە دروستی بنووسرێت و https لەخۆ بگرێت.
  • ئەگەر دەکرێت دوور بکەوەرەوە لە بەکارهێنانی کۆمپیوتەری گشتی، بەتایبەتی لە کافتریا و سەنتەرەکانی ئینتەرنێت یاخود ژووری ڕۆژنامەوانی، چونکە لەوانەیە کۆمپیوتەرە گشتیەکان تووشی بەرنامەی زیانبەخش یان سیخوڕی بوو بن و تۆش تووش بکەن. ئەگەر ناچار بوویت کۆمپیوتەرێکی گشتی بەکاربهێنیت، هەژمارەکانت مەکەرەوە و دڵنیابە هەموو بەرنامە و فایلەکانت دادەخەیت و پاشان مێژووی گەڕانەکەت دەسڕیتەوە لەسەری.
کاری هونەری: جاک فۆربێس

بەزاندنی سنوورەکان

زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان کاتێک سنوورەکان دەبەزێنن زانیاری پیشەیی و کەسییان هەڵگرتووە کە ڕەنگە نەیانەوێت کەسانی دیکە دەستیان پێ بگات. ئەگەر پاسەوانانی سنووری هەر وڵاتێک ئامێرێک ببات و ئەوا دەتوانن ناوەوەی بگەڕێن، یاخود بچنەناو هەژمارەکانت و زانیارییەکانت کۆپی بکەن و بەرنامەی زیانبەخش و سیخوڕییەکانی تێدا دابەزێنن. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی سنوورەکانی ئەمریکا دەبەزێنن پێویستە ڕاوێژ بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) بکەن.

:پێش ئەوەی گەشت بکەیت

  • بزانە چ زانیارییەک لەناو ئەو ئامێرانەدا هەیە کە تۆ لەگەڵ خۆت دەیانبەیت و چۆن خۆت یاخود پەیوەندییەکانت دەخاتە مەترسییە، گریمانەی ئەوە دانێ کە ئامێرەکانیشت هاوشێوەی دەفتەر و کتێبەکانی ناو جانتاکەت دەپشکێنرێن.
  • هەموو ئامێرەکانت پاشەکەوت (Backup) بکە بۆسەر هاردێکی دەرەکی یاخود هەورە هەژمارێک، هەر زانیارییەکیش لەناو ئامێرەکان بسڕەوە کە ناتەوێت پاسەوانانی سنور دەستیان پێی بگات.
  • ئەگەر کرا، ئامێری نوێ بکڕە و لە گەشتەکەتدا بەکاریان بهێنە، بە تایبەت ئەگەر بۆ کارکردن لەسەر بابەتێکی هەستیار گەشت دەکەیت، بەڵام ئەگەر ئامێری کەسیی خۆت یاخود کارەکەت بەکاردەهێنیت، سەرەتا ناوەڕۆکەکەی پاشەکەوت بکە و دواتر فۆرماتی بکە.
  • تێپەڕەوشە بۆ سەرجەم ئامێرەکانت دابنێ بۆئەوەی نەتوانرێت بەبێ تێپەڕەوشە زانیارییەکانی ببینرێت. سەرەتا بزانە یاسای ئەو وڵاتە چۆنە لەبارەى کۆدکردنی ئامێرەکان بۆئەوەی یاساشکێنی نەکەیت. ئاگاداربە لەوانەیە هێزە ئەمنییەکان بەپێی یاسا بتوانن داوای تێپەڕەوشەت لێ بکەن. هەروەها داوای ئامۆژگاری و زانیاریی لە دەزگاکەت بکە پێش ئەوەی گەشتەکەت دەستپێبکەیت. 
  • لەکاتی تێپەڕبوون بە دەروازە سنوورییەکاندا، لە هەموو هەژمار و بەرنامەکان بچۆ دەرەوە یاخود بیانسڕەوە، تاوەکو دەگەیتە ئینتەرنێتێکی پارێزراو.
  • مێژووی تۆماری وێبگەڕەکانت لەسەر هەموو ئامێرەکانت بسڕەوە.
  • لە جیاتی بەکارهێنانی پەنجەمۆ و ناسینەوەی دەمووچاو، هەموو ئامێرەکان بە کۆد و تێپەڕەوشە قفڵ بکە.
  • تایبەتمەندیی سڕینەوەی زانیارییەکان لە دوورەوە (Remote) لەسەر ئامێرەکانت چالاک بکە و زانیارییەکانی بدە بە کەسێک کە متمانەت پێیەتی بۆئەوەی لە ئەگەری دەستگیرکردنت، بتوانێت لە دوورەوە و لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بیانسڕێتەوە. ئەوە بزانە کە ئامێرەکان تەنها کاتێک لە دوورەوە داتا و زانیارییەکان دەسڕێتەوە کە پەیوەست بن بە ئینتەرنێتەوە.

:لەسەر سنوور

  • ئامێرەکانت بکوژێنەرەوە بۆئەوەی کۆدکردنی هاردەکانت چالاک بێت.
  •  چاوت لەسەر ئامێرەکانت بێت کاتێک بە خاڵی پشکنیندا تێدەپەڕن.
  • ئاگاداربە کە هەر کورتەنامە یاخود پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کە کۆد نەکرابێت، لەلایەن دابینکەری خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتەوە کۆدەکرێتەوە و رەنگە لەگەڵ دەسەڵاتدارانیش بەشی بکات.

ئەگەر هەر ئامێرێک لەسەر سنوور دەستی بەسەردا گیرا یاخود شتێک خرایە ناویەوە، وا دابنێ کە دزە بە زانیارییەکانی کراوە و هەمووی کۆپی کراوە.

تێبینی سەرنوسەران: ئەم کیتە سەرەتا لە 30ی تەموزی 2019دا بڵاوکراوەتەوە، و لەو بەروارەی کە لە سەرەوە دانراوە، پێداچوونەوەی بۆ کراوە بۆ وردبینیی زیاتر.


At the border:

Editors’ note: This kit was originally published on July 30, 2019, and reviewed for accuracy on the date shown at the top.