ئەپی فەیسبووک لە مۆبایلێکی زیرەکدا پیشان دەدرێت، لە 23ی نیسانی 2021 لە شاری سەرفساید لە ویلایەتی فلۆریدا وێنەی گیراوە. چالاکی سەرهێڵ (ئۆنلاین) دەکرێت ببێتە مەترسی بۆ ڕۆژنامەنووسان. (وێنەی ئاسۆشییەتدپرێس)

سەلامەتیی دیجیتاڵی: بەکارهێنانی پلاتفۆرمە سەرهێڵەکان (ئۆنلاینەکان) بەشێوەیەک سەلامەت لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە

ڕۆژنامەنووسان ژمارەیەکی زۆر سەکۆی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی کارەکانیان، یاخود پەیوەندیکردن بە سەرچاوە و جەماوەرەکەیان، جا ئەو سەکۆیانەی بۆ پەیوەندیکردن بەکاردەهێنرێن وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یان سەکۆ ویکییەکان (Wikis) کە بۆ دروستکردن و دەستکاریکردنی ناوەڕۆک و کارکردنی پێکەوەیی بەکاردەهێنرێن، یاخود خزمەتگوزارییەکانی دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک وەک وۆردپرێس و سەبستاک، هەموو ئەوانە دەکرێت ببنە کێشەی ئەمنی بۆ تۆ و کەسانی دیکەش، بەڵام چەند ڕێکارێک و هەنگاوگەلێک هەن کە دەتوانیت بیگریتەبەر بۆ ئەوەی باشتر خۆت بپارێزیت.

هەژمارەکانت بپارێزە

تایبەتمەندی دوو ئامڕازی ڕەسەنایەتی (Two-factor Authentication) لەسەر هەموو هەژمارەکانت چالاک بکە، ئەو هەنگاوە ڕێگری لە هەموو چوونەژوورەوەیەکی ڕێگەپێنەدراو دەکات بۆناو هەژمارەکانت، ئەوەش لەڕێگەی داواکردنی کۆدی چوونەژوورەوە پاش داغڵکردن تێپەڕەوشە (پاسوۆرد)، واتە ئەگەر کەسێک ڕێگەپێنەدراو تەنانەت تێپەڕوشەکەشت بزانێت، هەر ناتوانێت بچێتە ناو هەژمارەکەت، چونکە کۆدێکی داواکراو دەنێردرێت بۆ مۆبایلەکەت یاخود چەند کۆدێک کە پێشتر زەخیرەتکردوون و تەنها بەو کۆدانە دەکرێنەوە.

لە ئێستادا زۆربەی هەرەزۆری سەکۆ ئەلیکترۆنییەکان، بە تایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تایبەتمەندی دوو ئامڕازی ڕەسەنایەتییان هەیە، واتە بەستنەوەیان بە ژمارە مۆبایلەکەتەوە، هەروەها لەجیاتی وەرگرتنی کۆد لەڕێگەی SMSـەوە، دەتوانی یەکێک لە ئەپەکانی ڕەسەنایەتی وەک Authy یاخود Google Authenticator لەسەر مۆبایلەکەت دابەزێنیت بۆ چالاککردنی تایبەتمەندییەکە، چونکە بەکارهێنانی ئاسانترە.

لەوەش باشتر، زۆرێک لە سەکۆ ئەلیکترۆنییەکان ئاگادارت دەکەنەوە کاتێک کەسێک هەوڵی چوونەژوورەوەی هەژمارەکەت دەدات ناردنی ئاگادارینامەیەک (نۆتیفیکەیشن)، بۆیە تکایە دڵنیابە ئەو تایبەتمەندییە چالاک بکەیت.

تێپەڕەوشەیەکی (پاسۆرد) دەگمەن و درێژ دابنێ کە تاوەکو 16 کارئەکتەر درێژ بێت، با ژمارە و پیت و نیشانەکانی وەک (&$#!@) تێدابێت بۆئەوەی شکاندن و هاککردنی ئاسان نەبێت.

هەرگیز یەک تێپەڕەوشە بۆ چەند هەژمارێک بەکارمەهێنە، چونکە ئەگەر کەسێک یەکێک لە تێپەڕەوشەکانت بدزێت و دەستیبخات، ئەوە ناتوانێت بچێتە ناو هەژمارەکانی دیکەوە.

هەرگیز زانیارییە تایبەتەکانت وەک  رۆژی لەدایکبوون، ناوی منداڵەکەت، ناوی هاوسەرەکەت، یاخود ژمارە مۆبایلەکەت وەک تێپەڕەوشە بەکارمەهێنە چونکە ئاسانن بۆ خەمڵاندن و ئاشکراکردنیان.

بەڕێوەبەرایەتی تێپەڕوشە (Password Manager) بەکاربهێنە بۆ زەخیرەکردن و هەڵگرتنی تێپەڕەوشەکانت، چونکە هەندێکجار ناتوانیت هەموویان لەبەربکەیت و بیرتبێتەوە.

سەختی و ئاڵۆزی و ئاسایشی تێپەڕەوشەی ئەو هەژمارانە گرنگتر و پێویستترە کە تایبەتمەندی دوو ئامڕازی ڕەسەنایەتییان تێدا چالاک نەکراوە.

زیاتر بزانە لەبارەى پاراستنی هەژمارەکانت لەڕێگەی ئامڕازی سەلامەتی دیجیتاڵیی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ)

 

ئەوەی هاوبەشی پێ دەکەیت

گشتی لە بەرامبەر تایبەتدا (Private vs public)

ئەو ناوەڕۆکەی (Content) تۆ بە شێوەیەکی تایبەت بڵاویان دەکەیتەوە، ئەوەندەش تایبەت نین وەک ئەوەی بیری لێ دەکەیتەوە، کەسانی دیکە لەسەر هەمان ئەو سەکۆیە یاخود ئەو کەسانەی کار بۆ کۆمپانیای خاوەنی سەکۆکە دەکەن لەوانەیە بتوانن دەستیان پێ بگات و بیبینن، بۆیە ئاگاداری ئەمانەی خوارەوە بە:

بزانە ئەو پلاتفۆڕمەی تۆ بەکاریدەهێنیت کێی دیکەی تێدایە و بەکاریدەهێنێت، ئایا ناوەڕۆکەکەت لەلایەن خەڵکی دیکەوە دەبینرێت؟ یان ئەو کەسانەی کە هەژماریان لەسەر ئەو سەکۆیە هەیە؟ یاخود تەنها ئەو کەسانەی کە تۆ ڕێگەت پێداون.

لە سەرەتای بەکارهێنانی هەر پلاتفۆڕمێکدا، بە تایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یەکسەر تەماشای رێکخستنەکانی تایبەتمەندی (Privacy Settings) بکە بزانە چی شتێکت بە شێوەیەکی پێشوەختە گشتییە و هەمووان دەیبینن، هەموو ئەو شتانەی کە ناتەوێت خەڵکی بیبینێت، بیشارەوە، یاخود سنورداری بکە بۆئەوەی تەنها ئەو کەسانە بیبینن کە خۆت دیارییان دەکەیت.

ئەوە بزانە کە کەسانی دیکە، بۆ نمونە هاککەرەکان، دەتوانن دەستیان بگات بە نامە و ئیمەیڵە تایبەتەکانت مەگەر بە تەواوی کۆدکرابن (End-to-End Encrypted)، بەڵام ئەوەش بزانە، ئەوانەشی کە بە تەواوی کۆدکراون، هێشتا دەکرێت لەلایەن ئەو کەسانەوە ببینرێت و بخوێنرێتەوە کە دەستی بە ئامێرەکەت بگات، جا ئیتر بە شێوەی کەسی بێ یاخود لە ڕێگەی هاککردنەوە بێت.

پێش ئەوەی هەرشتێک بڵاوبکەیتەوە، باش بیری لێ بکەرەوە، چونکە بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە، هەندێک لە سەکۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوەڕۆکەکانی تۆ ئەرشیف دەکەن تەنانەت ئەگەریش لای خۆشت بیانسڕیتەوە، لەوانە دەزگا حکومییەکانیش داوای بکەن.

داتا و زانیاریی تایبەتی

سەکۆ سەرهێڵەکان (ئۆنلاینەکان) دەتوانن داتا و زانیارییەکی زۆر لەبارەى تۆ کۆبکەنەوە و دواتر خەڵکی یاخود بەرپرسانی حکومی دەتوانن بیبینن و بەکاریبهێنن بۆ چاودێریکردن و هەراسانکردنی تۆ.

خۆت بەدووربگرە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی کەسێتی و تایبەتی خۆت کە بەکاربهێنرێت بۆ دۆزینەوەی شوێنەکەت، یان پەیوەندیت پێوە بکرێت یاخود ناسنامەت ئاشکرابکات، بۆ نمونە ڕوژی لەدایکبوونت یاخود ژمارە تەلەفۆنەکەت.

خۆت بەدووربگرە لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکی کەسی کە ببێتەهۆی ئاشکراکردنی ناسنامەی کەسانی دیکە، بە تایبەت سەرچاوەکانت.

ئەو زانیاریی و ناوەڕۆکانە بسڕەوە کە چیتر ناتەوێ بە گشتی (Public) بمێنن یاخود داوا لە سەکۆکە بکە لەناوی ببات، هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگەت پێ دەدەن هەندێک لە بابەتەکانی خۆت بسڕیتەوە، هەندێکی دیکەی وەک گەڕانی گووگڵ، نەخشەی گووگڵ و ویکیمیدیا داواکاری لەناوبردنی داتا و زانیارییەکانت قبوڵ دەکەن.

ئاگاداربە لەوانەیە پرۆتۆکۆلی ئینتەرنێتەکەت کە بە ئای پی (IP) ناسراوە و ئامێرەکەت (مۆبایل یان کۆمپیوتەر.. هتد)  بە ئینتەرنێتەوە دەبەستێتەوە ئاشکرا و بینراو بێ بۆ ئەو وێبسایتانەی کە دەیانکەیتەوە، یاخود دابینکەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت (کۆمپانیای ئینتەرنێت)، بەوەش شوێنەکەت دیاری دەکرێت و بە ئاسانی دەدۆزرێیتەوە.

  •  
  • وێنەکان
  • ئەو وێنانەی دەیخەتەناو ئینتەرنێت، جا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یاخود بۆ ناو وێبسایتەکان، زانیاریگەلێکی زۆری تۆ لەگەڵ خۆیدا دەبات و ئاشکرایدەکات.
  • مێتاداتای (Metadata) ئەو وێنانە بسڕەوە کە پۆستیان دەکەیت، کە بە زانیاریی EXIFیش ناسراوە، واتە ئەو زانیارییانەی کە نوساون بەو وێنە دیجیتاڵییانەی کە تۆ بڵاویان دەکەیتەوە، کات و شوێنی گرتنی وێنەکان و ئەو مۆبایلە یاخود کامێرایەشی تێدایە کە وێنەکەت پێگرتووە، هەوڵ بدە وێنەی زۆر پۆست نەکەیت، یاخود لە پێویستی زیاتر وێنەکانت بڵاومەکەرەوە.
  • وێنەی پڕۆفایلی گشتی و بێلایەن بەکاربهێنە کە دەموچاوت یان شوێنەکەت ئاشکرا نەکات ئەگەر نیگەرانیت هەیە سەبارەت بە سەلامەتی خۆت و ئاشکرانەبوونی ناسنامەت.
  • ئاگاداربە ئەو وێنانەی کە تۆ ئەپلۆدی دەکەیت لەوانەیە بە ئاسانی بەکاربهێنرێن لەلایەن کەسانی دیکە لە هەندێک پلاتفۆڕمی دیکە، دوور بکەوەرەوە لە ئەپلۆدکردنی ئەو وێنانەی کە ناتەوێت کەسانی دیکە بڵاویبکەنەوە یان کۆپی بکەن، بەتایبەتی ئەگەر ڕووداو و ساتی هەستیاریان تێدابێت وەک بەشداریکردن لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان.
  • راپۆرتەکانی شەفافیەت بخوێنەوە
  • کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان یاخود رێکخراوەکانی دیکە بە شێوەیەکی بەردەوام راپۆرتی شەفافیەت بڵاودەکەنەوە لەبارەى ئەو داواکارییانەی کە لەلایەن حکومەتەکانەوە پێیان دەگات بۆ وەرگرتن یاخود سڕینەوەی زانیارییەکان، ئەو راپۆرتانە هاوکارت دەبن بۆئەوەی بزانیت کام خزمەتگوزاری و سەکۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەلامەتن بۆ بەکارهێنان، بۆ نمونە گووگڵ، فەیسبوک، ئێکس، ویکیپیدیا و وۆردپرێس.